سیناتۆرێكی كۆماریەكان میت ڕۆمنی : جەنگی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا روودەدات
بە دڵنیاییەوە جەنگ رونادات
میت رۆمنی، كە ساڵی 2012 بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كاندیدی كۆماریەكان بو و لە ئیستادا سیناتۆری ویلایەتی یوتایە لەسەر پشكی كۆماریەكان، ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سەرەڕای زیاتربونی گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، بە دڵنیاییەوە جەنگ لەنێوان ئەو دو وڵاتەدا رونادات".
هیچ بەرپرسێك ئاماژەی بە رودانی جەنگ نەداو ە خواست لەسەر بەرپاكردنی جەنگ نیە
ئاماژەی بەوەشكرد "بە هیچ شێوەیەك باوەڕناكات جەنگ روبدات، چونكە تا ئێستا نە دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان و نە هیچ بەرپرسێكی باڵای دیكە لە ئیدارەكەی ترەمپ ئاماژەیان بەوە نەكردوە خواستیان لەسەر بەرپاركردنی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت"، دوبارە جەختیكردوە كە بە هیچ شێوەیەك جەنگ رونادات و هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی "هیچ كام لە لایەنەكان نایانەوێت جەنگ روبدات".
تەنها یەك ئەگەری زۆر لاواز بۆ ڕودانی جەنگ هەیە
هاوكات رۆمنی یەك ئەگەری بۆ رودانی جەنگ خستەرو رایگەیاند"هێرشكردنی لە لایەن ئێرانەوە بۆ سەر ویلایەتە یەكگرتوەكان و بەرژەوەندیەكانی ئەو وڵاتە" تاكە هۆكارە بۆ رودانی جەنگ و راستەوخۆ دوای باسكردنی ئەو ئەگەرە وتی "هیچ كەسێك پێی وانیە ئەوە روبدات".
ترەمپ پێشتر بڕیاری جەنگی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەڵە ناوبردوە
راشیگەیاند "پێشتر سەرۆك ترەمپ زۆر بە رونی رایگەیاندوە، بە بۆچونی ئەو گەورەترین هەڵەی سیاسی لە سەردەمی نوێدا بڕیارەكەی سەرۆك جۆرج بوش بوە كە جەنگی عێراقی ئەنجامدا"، هەر بۆیە بەگوێرەی وتەكانی رۆمنی "پێی وانیە ترەمپ هەمان كار ئەنجامبداتەوە كە پێشتر بە گەورەترین هەڵە ناویبردوە، لەكاتێكدا ئێران دوژمنێكی سەرسەختتردەبێت".
ئەو لێدوانەی رۆمنی لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ یەكشەممە، حسەین سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند "ولاتەكەی نایەوێت جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكان ئەنجامبدات".
هاوكات پێنجشەممەی رابردو 16ی ئایار، رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری بەرپرسانی ئیدارەی كۆشكی سپیەوە رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە پاتریك شاناهان، وەزیری بەرگری وڵاتەكەی راگەیاندوە "نایەوێت لەگەل ئێران بكەویتە جەنگەوە"، لە هەمان رۆژدا لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "نایەوێت وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران جەنگ ئەنجامبدات".
رۆژێك دوای ئەو راگەیەندراوانەی رۆژنامەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان، هەینی رابردو رێكەوتی 17ی ئایار، حیشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، سەرۆكی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی لە پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "هەریەك لە ئەمریكا و وڵاتەكەی بەرپاكردنی جەنگیان رەتكردوەتەوە، لەكاتێكدا هەندێك لایەنی دیكە هەیە دەیەوێت بەشێكی گەورەی جیهان وێران بكات".
خەندان
