حەسەن: چل ساڵە ئێران تووشی دۆخیكی وەك ئێستە نەبووە

حەسەن:  چل ساڵە ئێران تووشی دۆخیكی وەك ئێستە نەبووە
دوێنێ یەكشەممە حەسەن رۆحانی سەركۆماری ئێران لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی، داوای لێ كردن بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستەی وڵاتەكەیان لە بەرانبەر ئەمریكا بكەن. گوتیشی چل ساڵە ئێران تووشی دۆخیكی وەك ئێستە نەبووە.


پێش كەمێك تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز)ی ئینگلیزی لە زاری رۆحانیەوە بڵاوی كردەوە كە ئێران بە گوشارەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا تا ئەوپەڕی كاریگەر بووە. هەروەها گوتوویەتی لەوەتەی ڕژێمی ئیسلامی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، ئەمساڵ قورسترین ساڵی خۆی بەڕێدەكات.


رۆحانی دووپاتی كردووەتەوە كە دۆخی ئەمڕۆی ئێران قورسترینە لە مێژووی چل ساڵی رابردووی هۆی، بۆیە هۆشداری داوەتە بەرپرسانی حكوومەتەكەی بە هۆشیاریەوە بڕیاری دروست بدەن و گوتوویەتی هەر بڕیارێكی نادروست بۆی هەیە زەبری گەورە لە وڵاتەكە بدات.


داواشی لە هاووڵاتیانی ئێران كردووە قوربانیی زیاتر بدەن بەهۆی ئەم دۆخەی وڵاتەكەیان تێیكەوتووە.


ئەم راگەیاندنەی رۆحانی لە كاتێكدایە ئەمشەو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریكا كرد سەردانی عێراق نەكەن و دۆخەكەی بەوپەڕی مەترسیدار وەسف كردووە. بەر لە چەند رۆژێكیش مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە سەردانێكی لەناكاو و رانەگەیاندراو گەیشتبووە بەغدا، بۆ باسكردنی دۆخی ئێران و گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان واشنتن و تاران. بە تایبەتیش بۆ ئەگەری پێكدادانی سەربازی و هێرشی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.







باسنیوز
Top