ئەڵمانیا: یەکێتی ئەوروپا پێویستی بە رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە
یەکێتی ئەوروپا پێویستی بە درێژەپێدانی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکدا بە گۆڤاری بیڵد-ی ئەڵمانی راگەیاندوە، "یەکێتی ئەوروپا پێویستی بە درێژەپێدانی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و بەرلین خوازیاری پاراستنی ئەو رێککەوتنەیە".
یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بە ئاڕاستەی پاراستنی رێککەوتنەکە نەناوە
ئەو وتانەی هایکۆ ماس سەبارەت بە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران لە کاتێکدایە کە یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بە ئاڕاستەی پاراستنی رێککەوتنەکە نەناوە، بەتایبەت دوای کشانەوەی ئەمریکا و سەپاندنەوەی سزا بەسەر تاراندا لەلایەن واشنتن-ەوە.
دوای کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، هەریەکە لە ئەڵمانیا، بریتانیا و فەڕەنسا بەڵێنی پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوریەکانی تارانیاندا، هاوکات دژی چونەدەرەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە وەستانەوە.
ئێران رادەوەستێت لە پابەندبونی بە هەندێك بڕگەی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمیەی ساڵی 2015
هەفتەی رابردو هەشتی ئەم مانگە، حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە رێگەی راگەیاندنی فەرمی وڵاتەكەیەوە رایگەیاند، "بە باڵیۆزی هەریەك لە وڵاتانی بریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و چین و روسیای راگەیاندوە ئێران رادەوەستێت لە پابەندبونی بە هەندێك بڕگەی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمیەی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئەو وڵاتانەدا ئەنجامدراوە".
بڕیارەكە بەشێوەیەكی فەرمی بەیانی گەیەندراوەتە باڵیۆزخانەی هەریەك لەو وڵاتانە لە تاران-ی پایتەختی ئێران.
ئێران ماوەی 60 رۆژ مۆڵەت دەداتە هەریەك لەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە كردوە
لە پەیامەكەدا هاتوە، "ئێران ماوەی 60 رۆژ مۆڵەت دەداتە هەریەك لەو وڵاتانەی واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكە كردوە بۆ بڕیاردانیان لەسەر بابەتەكانی تایبەت بە كەرتەكانی نەوت و بانكەكان".
خەندان
