رۆحانی: بارودۆخی ئێستامان خراپترە لە سەردەمی شەڕی دژی عێراق
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، حەسەن رۆحانی، سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆر توند و کاریگەرن، ”گوشارەکان وێنەیان لە مێژوودا نییە“.
حەسەن رۆحانی پێیوایە بارودۆخی ئێستای ئێران لە بارودۆخی سەردەمی شەڕی نێوان وڵاتەکەی و عێراق خراپترە، ”لە سەردەمی شەڕدا کێشەی بانکی و هەناردەکردنی نەوتمان نەبوو، تەنیا نەماندەتوانی چەک بکڕین“.
ئەو لێدوانەی رۆحانی دوای ئەوە دێت، کە بەهۆی ”پاڵپشتیکردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و پەرەپێدانی چەکی ناوکی“، ئەمریکا دەیان سزای خستووەتە سەر ئەو وڵاتە.
لە سەرەتای مانگی 5ـەوە، ئەمریکا رێگریی لە هەناردەکردنی نەوتی ئێران دەکات و رایگەیاندووە، هەر وڵاتێک نەوتی ئێران بکڕێ، ئەوا رووبەڕووی سزای واشنتن دەبێتەوە.
لە ساڵی 1980- 1988، شەڕێکی گەورە لەنێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران رووی دا و بەهۆیەوە زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی و سەربازی هەردولا کوژران.
باسنیوز
