عەلی لاریجانی: بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم
بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی رێژەیەکی کەمی یۆرانیۆم
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی لاریجانی، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی هاوشان لەگەڵ پاراستنی بنەماکانی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی پیشەسازی بەردەوام دەبێت لەبەرهەمهێنانی رێژەیەکی کەمی یۆرانیۆم.
هەینی رابردو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڵمەتێکی یاسایی لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەستپێکرد
هەینی رابردو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڵمەتێکی یاسایی لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەستپێکرد، بۆ هاندانی وڵاتانی دیکە و رێگرتن لە هەوڵی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە و راگرتنی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی کە بەرهەمێنانی یۆرانیۆم هەنگاوە گرنگەکەیەتی.
بەپێی رێکەوتنی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ئێران دەتوانێت یۆرانیۆم بە بڕێکی کەم بەرهەمبهێنێت
لەمبارەیەوە لاریجانی بە ئاژانسی( ISNA )ی وڵاتەکەی رایگەیاندوە، بەپێی رێکەوتنی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ئێران دەتوانێت یۆرانیۆم بە بڕێکی کەم بەرهەمبهێنێت، بۆیە هەنگاوەکەیان پێشێلکاری نیە و ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم.
یۆرانیۆم پێکهاتەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کڵاوەی ئەتۆمییە و فشارەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا لە پێناوی کەمکردنەوەی تواناکانی ئێرانە لە بەرهەمهێنانی ئەو مادەیەدا، بەڵام پێدەچێت ئەم هەڵوێستەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کاردانەوەی توندی ئەمریکییەکانی بەدوادابێت و ببێتە پرسیارێکی گەورەتر بۆ ئیدارەکەی ترەمپ کە هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوی خۆی بەهۆکاری بەردەوامی ئێران لەبەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی زیاتر دەزانی.
خەندان-
