دۆناڵد ترەمپ: هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاری لە ڤەنزوێلا روو دەدات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی (فۆکس نیوز)ی وڵاتەکەی راگەیاندووە، نیکۆڵاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا دەسەڵاتی وڵاتەکەی لەدەست دەدات.
دۆناڵد ترەمپ بەبێ هیچ روونکردنەوەیەک، رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو زۆر شتی گەورە و نوێ لە ڤەنزوێلا روو دەدەن.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وڵاتەکەی کۆمەڵێک بژاردەی لەبارەی هەڵسوکەوت لەگەڵ کێشەکانی ڤەنزوێلا لەبەر دەستە.
ئەو لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێک دایە، کە لە کۆتایی مانگی 4ـی ئەمساڵ، بەشێک لە سوپای ڤەنزوێلا بە سەرپەرشتیی خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا هەوڵی کودەتایان بەسەر رژێمی وڵاتەکەیان دا، بەڵام شکستی هێنا.
نیکۆڵاس مادۆڕۆ دۆناڵد ترەمپی بە پلانداڕشتن بپۆ کودەتا شکستخواردووەکە، تۆمەتبار کرد.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.
تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، کەنەدا، پیرۆ، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، سوید، نەمسا و دانیمارک پشتگیریی خوان گوایدۆ دەکەن و وڵاتانی مەکسیک، کوبا، رووسیا، تورکیا و ئێرانیش تەنیا نیکۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆک دەزانن.
باسنيوز
