نرخی نەوتی خاو بۆ چوارەم رۆژ لەسەریەک دابەزینی تۆماركرد

نرخی نەوتی خاو بۆ چوارەم رۆژ لەسەریەک دابەزینی تۆماركرد
دوای داواكاریەكی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بۆ زیاتركردنی رێژەی وەبەرهێنانی نەوتی خاو لەلایەن رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك)ەوە، نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا دابەزینی بەخۆوە بینی.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەری سزاكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران، هەینی رابردو 26ی نیسان داوای لە رێكخراوی وڵاتانی وەبەرهێنی نەوت (ئۆپیك) كرد رێژەی وەبەرهێنانەكانیان زیاتربكەن، ئەمڕۆ دوشەممە بۆ چوارەم رۆژی یەك لە دوای یەك نرخی نەوتی خاو لە بازارەكانی جیهاندا دابەزی.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی نەوتی خاوی برێنت 35 سەنت و بەڕێژەی لەسدا 0.5 دابەزیوە، كە نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 71.80 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا 39 سەنت و بە ڕێژەی لەسەدا 0.6 دابەزینی بەخۆوە بینیوە و نرخی یەك بەرمیل دەكاتە 62.91 دۆلار.

هاوكات هەردو بەرهەمی نەوتی خاوی برێنت و تەكساسی رۆژئاوای ئەمریكا بە بەراورد بە نرخەكانی پێشویان، بەشێوەیەكی گشتی و بەڕێژەی لەسەدا سێ دابەزینیان لە نرخەكانیاندا تۆماركردوە.






خەندان
Top