ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا له دژی تاكڕه‌وی ئه‌مریكا هه‌نگاوی هاوبه‌ش ده‌نێن
هایكۆ ماس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌ڤانی رێكخست دوای وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی مانگانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی لەلایەن وڵاتەکەیەوە و رایگه‌یاند، به‌ته‌نیا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌ن ناكه‌ین، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ین. جان ئیف، لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نساش له هه‌مان كۆنگره‌ی رۆژنامه‌ڤانیدا هه‌مان هه‌ڵوێستی خسته‌ڕوو و پێكه‌وه جه‌ختیان كرده‌وه کە ئه‌م دوو مانگه به‌هاوبه‌شی كارده‌كه‌ن.
ئه‌م كۆكبوون و هاوهه‌ڵوێستییه‌ی به‌رلین و پاریس دوای ئه‌وه دێت، ئێمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و ئه‌نگیلا مێركڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رێككه‌وتننامه‌ی ئاخن و په‌رله‌مانێكی بچووكی هاوبه‌ش له‌نێو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و به‌ره‌ی "لایه‌نگرانی فره‌یی"یان راگه‌یاند كه ئامانجی ئه‌م چالاكییانه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، جیهان به‌ره‌و تاكڕه‌وی نه‌چێت.
مه‌به‌ستی ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا له تاكڕه‌وی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه به‌تایبه‌تی له هه‌ڵوێسته‌كانی دوو ساڵی رابردووی دۆناڵد تره‌مپ كه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا ستراتیژییه‌تی "ئه‌مریكا به‌ر له‌هه‌موو شتێك"ی گرتووه‌ته‌به‌ر و به‌هۆیه‌وه له رێككه‌وتننامه‌ی ژینگه و رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران كشایه‌وه و تاكلایه‌نه باڵیوزی وڵاته‌كه‌ی له ته‌لئه‌بیبه‌وه گواسته‌وه قودس، دواجاریش دانی نا به‌سه‌روه‌ریی ئیسرائیل‌دا به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی جۆلان و له‌م دوو رۆژه‌ی دواییدا به‌شداریی له كۆبوونه‌وه‌ی G7 نه‌كرد.
ئه‌م هه‌وڵه‌ی ماكرۆن و مێركڵ ته‌نیا بۆ ئه‌مریكا نه‌بووه، به‌ڵكو بۆ رووسیاشه و هاوهه‌ڵوێستی خۆیان راگه‌یاند له‌باره‌ی كێشه‌ی ئۆكراینا. له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپاش هاوهه‌ڵوێستن له‌باره‌ی برێكزێت و هه‌ڵكشانی پارته پۆپۆلیست و راستڕه‌وه رادیكاڵه‌كان.
رووداو
