سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: بەتوندی وەڵامی هێرشەکەی شەوی رابردو دەدەینەوە

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: بەتوندی وەڵامی هێرشەکەی شەوی رابردو دەدەینەوە
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەتوندی وەڵامی هێرشەکەی شەوی رابردو دەدەنەوە کە لە غەززەوە کرایە سەر وڵاتەکەی.

شەوی رابردو وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حەوت هاوڵاتی ئیسرائیلی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی چەند موشەكێکەوە کە لە کەرتی غەززەوە ئاڕاستەی تەلئەڤیڤ کراون، برینداربون.

بینامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە سەردانی ئەمریکای کردبو بۆ کۆبونەوە لەگەڵ ترەمپ، دوای ئاڕاستەکردنی موشەکەکان گەڕایەوە وڵاتەکەی و لە لێدوانێکیشدا رایگەیاند، "هێرشەکەی شەوی رابردو دوژمنکارانە بوە و بەتوندی وەڵامی ئەو ھێرشانەش دەدەینەوە".


هاوکات رۆژنامەی هائاڕتسی فەرمی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەو موشەکانەی لە کەرتی غەززەوە هاوژێراون مەودای 100 کیلۆمەتری بڕیوە بەر لەوەی بکەوێتە خوارەوە.

بەپێی راگەیەندراوی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، دوان لە موشەکەکان لە نزیک دو خانوی ناوچەی هەشارون لە باکوری رۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ کەوتونەتە خوارەوە.





خەندان
Top