رۆیتەرز: ئێران نەوتەکەی بە عێراقی دەفرۆشێت

رۆیتەرز: ئێران نەوتەکەی بە عێراقی دەفرۆشێت
ئێران بۆ خۆر دوورخستنەوە لە سزاکانی ئەمەریکا، نەوتەکەی بەناوی عێراقەوە لە دەریاکاندا دەفرۆشێت.

تاکو ئێستا، دوو کەشتی کە نەوتی ئێرانیان پێبووە و بەڵگەی ساختەیان بۆ کراوە و بە عێراقی لەقەڵەم دراون، نەوتەکانیان لە بازاڕەکاندا فرۆشتووە.

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە ساڵانی 2012 تاکو 2016 (سزاکانی سەر ئێران چالاکبوون)، ئێران تاکتیکی جیاوازی بەکارهێناوە بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی، ئێستاش کە هەمان سزای لەسەرە، رێگای دیکە بەکاردەهێنێت.

پیتەر کیەرنان، شیکەرەوەی وزە لە یەکەی هەواڵگیری زانیاری ئابووری بە رۆیتەرزی گوتووە: "هەندێک لە کڕیارانی نەوت بێ گوێدانە سزاکانی ئەمەریکا نەوتی ئێران دەکڕن، ئێرانیش رێگایەک بۆ فرۆشتنیان دەدۆزێتەوە".

خاوەنی کەشتییە نەوتییەکان دەڵێن، کەشتییەکی نەوت هەڵگری 300 هەزار تەنی بە ناوی Grace 1 نەوتی بەسرەی فرۆشتووە، بەڵام ئەو کەشتییە لە بەندەری بەسرە ناوی نییە و هیچ تۆمارێکی بۆ نەکراوە.

دواتر رۆیتەرز روویکردووەتە کۆمپانیاکانی کێپلەر، ئای ئێچ ئێس و رێفینیتیڤ بۆ دیاریکردنی شوێنی کەشتی نەوتهەڵگری Grace 1، ئەوانیش رایدەگەیەنن کە ئەو کەشتییە سیستمی دەستنیشانکردنی شوێنەکەی کوژاندووەتەوە، بەڵام دواتر ئەو کەشتییە لە بەندەری عەسەلویە سەر بە پارێزگای بوشهیری ئێران دەرکەوتووە.

رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، Grace1 لە رێگای ئیمارات و سینگاپوورە نەوتەکەی فرۆشتووە.

کەشتییەکی دیکە بە ناوی Marshal Z بە هەمان شێوەی Grace 1 نەوتەکەی فرۆشتووە، بەڵام خاوەنی کەشتییەکە نەدۆزراوەتەوە.

سزاکانی سەر ئێران لە لایەن ئەمەریکاوە، کاریگەری لەسەر ئابووری و داهاتی کۆماری ئیسلامی کردووە و واشنتنیش سوورە لەسەر دوڕوخانی ئابووری کۆماری ئیسلامی.




K24
Top