سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: چەکی حزبوڵڵا سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەداتو مەترسیدارە
ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتێکی لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری 1701ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاو کردووەتەوە و داوای لە حکوومەتی لوبنان کردووە ”هەموو رێکارە پێویستەکان“ بۆ نەهێشتنی چەک لەدەست میلیشیاکان، بگرێتە بەر.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرس نیگەرانیی خۆی لە تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی چەکی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی، دەربڕیوە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ئاماژەیەک بۆ ئێران، داوای لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان کردووە چەک بۆ هیچ کەسایەتی و میلیشیایەکی لوبنانی نەنێرن.
حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی بەهێزی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەب دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش چەند جارێک رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.
رۆژی 11-8-2006، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری 1701ـی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە راگرتنی شەڕی نێوان لوبنان (حزبوڵڵا) و ئیسرائیل.
باسنیوز
