گەنجانی ئیخوان موسلیمین هێرش دەکەنە سەر ئەردۆغان
لە مانگی 2ـی ئەمساڵ، دەسەڵاتدارانی تورکیا گەنجێکی ئەندامی ئیخوان موسلیمینی میسریان بەناوی محەمەد عەبدولحەفیز، کە سزای لەسێدارەدانی لە وڵاتەکەی بۆ دەرچووبوو، رەوانەی قاهیرە کردەوە.
لە چەند رۆژی رابردووشدا، هەواڵی دەستگیرکردنی 12 ئەندامی ئیخوان لە تورکیا بڵاو کرایەوە و دەنگۆی رادەستکردنەوەیان بە میسر، بڵاو بوەوە.
رادەستکردنەوەی ئەو گەنجانەی ئیخوان موسلیمین بووەتە هۆی ناڕەزایی توندی توێژی گەنجانی ئەو رەوتە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داوای هەڵوێست لە سەرکردەکانی خۆیان دەکەن و هێرش دەکەنە سەر رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا و حکوومەتی ئەو وڵاتە.
عەمڕۆ عەبدولمونعیم، پسپۆڕی بواری گرووپی ئیسلامییەکانی میسر بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە ئیخوان موسلیمین بوونەتە سێ بەش و دەسەڵاتدارانی تورکیا دژایەتیی بەشێکیان دەکەن.
عەمڕۆ عەبدولمونعیم پێی وایە ئیخوان بەسەر سێ چینن دابەش بووە، کە بریتین لە؛
- نەوەی سەرکردایەتی.
- نەوەی ناوەڕاست (گوێڕایەڵن بۆ نەوەی سەرکردایەتی).
- نەوەی گەنجان (هەوڵی کودەتا بەسەر سەرکردە پیرەکان دەدەن و تورکیا دژایەتییان دەکات).
دوای کودەتای عەبدولفەتاح سیسیی وەزیری بەرگریی میسر بەسەر محەمەد مورسیی سەرۆک کۆماری پێشووی میسر، ئیخوان موسلیمین وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندرا و بەشێکیان رایانکرد بۆ تورکیا، چونکە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا، کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە.
عەبدولفەتاح سیسی، کە وەزیری بەرگریی میسر بوو، دوای ئەوەی بە دەسەڵاتی سوپا و بە کودەتایەک محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری میسری لە ساڵی 2013 وەلا نا، دەسەڵاتی میسری بەدەستەوە گرت و رەوتی ئیخوان موسلیمینی خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و محەمەد مورسیی سەرۆک کۆماری لەکارلادراوی وڵاتەکەی و ژمارەیەک سەرکردەی ئەو رەوتەشی خستە زیندان.
باسنيوز
