سێ وڵات هەوڵی راگرتنی شەڕی نێوان هیندستان و پاکستان دەدەن
ئەو سێ وڵاتەی داوای وەستانی شەڕەکە لە ئیسلام ئاباد و نیو دەلهی دەکەن:
- وانگ یی، وەزیری دەرەوەی کۆماری میللی چین رایگەیاندووە، چین لەو بارودۆخە بە قوڵی نیگەرانە و بە پێویستی دەزانێ هەردوو وڵات دان بە خۆیاندا بگرن و گەورەکردنی کێشەکە رابگرن.
- ئیبراهیم عەساف، وەزیری دەرەوەی شانشینی عەرەبستانی سعودیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-2-2019، بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە ئیسلام ئاباد و پەیامێکی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی وڵاتەکەی، دەداتە بەرپرسانی باڵای پاکستان.
محەمەد بن سەلمان لە پەیامەکەیدا، داوای راگرتنی شەڕ و دەستکردن بە دانوستاندن، لە هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان دەکات.
- وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی بە ”دڵەڕاوکێوە“ چاودێریی رەوشی کشمیر و رووبەڕووبوونەوەی سوپای هیندستان و پاکستان دەکەن.
هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر داوای لە هەردوو وڵاتی پاکستان و هیندستان کردووە دان بە خۆیاندا بگرن و بە داناییەوە مامەڵە لەگەڵ رەوشەکە بکەن.
رۆژی چوارشەممە 27-2-2019، میدیا هیندییەکان بڵاویان کردەوە، کە دوو فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکەیان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستانەوە لە ئاسمانی هیندستان خراونەتە خوارەوە و بەهۆیەوە هەردوو فڕۆکەوانی فڕۆکەکان، گیانیان لەدەست داوە.
دوای رووداوەکە، سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی فڕۆکە جەنگییەکانیان بۆ سەر بەشی هیندستانی هەرێمی کشمیر، ژمارەیەک فڕۆکەی هیندی هەوڵیان داوە هێرش بکەنە سەر بەشە پاکستانییەکەی هەرێمەکە، بەڵام رووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئاسمانی پاکستان دوو فڕۆکەی جەنگیی هیندستانیان خستووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانێکی ئەو وڵاتەیان بە دیلی گرتووە.
پێشتر لە کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشممە 26-2-2019، 12 فڕۆکەی جەنگیی میراج 2000ی سوپای هیندستان، بۆردومانی بنکەیەکی (سوپای محەمەد)یان لە ناوچەی کشمیری پاکستان کرد و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەش بەڵێنی تۆڵە کردنەوەیان دا.
سوپای محەمەدی گرووپێکی توندڕەوی کشمیرییە و هەوڵی جیاکردنەوەیکشمیر لە هیندستان و لکاندنی بە پاکستان، دەدات.
باسنيوز
