وەزیری دەرەوەی رووسیا: دەبێ بزانین کام لایەنی رۆژئاوای کوردستان توندڕەوە؟
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە ژمارەیەک کەناڵی چینی و ڤێتنامی راگەیاندووە، ناوچەی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان بە پشتبەستن بە رێککەوتنی ساڵی 1998ـی تورکیا و سووریا، بونیاد دەنرێت.
سێرگی لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە، کە پۆلیسی سەربازیی وڵاتەکەی بەشداریی پاراستنی ناوچەی ئارام دەکات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا لەبارەی هەڵوێستی تورکیا لە دژی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، ”تورکیا هەڵوێستێکی تایبەتی هەیە، بەڵام لەسەر ئێمە پێویستە لایەنە کوردییەکان جیابکەینەوە و ئاشکرای بکەین کام لایەن توندڕەوە و مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکات“.
ئەمریکا، رووسیا و تورکیا گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ بونیادنانی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵیی زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر لە سەر سنووری نێوان رۆژئاوای کوردستان و تورکیا لە دیوەی رۆژئاوای کوردستان و دوورخستنەوەی پەیەدە و هێزەکانی لەو ناوچەیە.
باسنیوز
