ڤێتنام بەیاننامەیەک لەبارەی کۆبوونەوەی کیم جۆنگ ئون و ترەمپ دەردەکات
ئەمڕۆ شەممە 23-2-2018، وەزارەتی دەرەوەی ڤێتنام لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، نگوین بو ترۆنگی سەرۆکی ڤێتنام و سەرۆکی پارتی شیوعیی ڤێتنامی داوەتنامەیەکی فەرمی ئاراستەی کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ڤێتنام ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەستیان بە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کردووە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام کۆ ببنەوە.
میدیاکانی ڤێتنام ئاشکرایان کردووە، کە حکوومەتی وڵاتەکە ئامادەکاریی بۆ پێشوازیکردن لە کیم جۆنگ ئون لە وێستگەی شە،ەندەفەر لەسەر سنووری چین کردووە و رێکاری تایبەتیشی لە فڕۆکەخانە گرتووەتە بەر، بۆ ئەگەری سەردانی سەرۆکی کۆریای باکوور بە فڕۆکە.
رۆژی 20-2-2019، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردەوە، کە کیم جۆنگ ئون بە شەمەندەفەرێکی تایبەت وڵاتەکەی بەجێ دەهێڵیت و بە وڵاتی چینەوە بە زیاتر لە 60 کاتژمێر، دەگاتە وێستگەی دونگ دانگ لە سەر سنووری ڤێتنام.
بڕیارە لە رۆژانی 27 و 28ـی ئەم مانگە (مانگی 2ـی 2019)، کیم جۆنگ ئون لە هانۆی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بۆ دووەم جار، کۆ ببێێتەوە.
رۆژی 12-6-2018 بۆ یەکەم جار، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافورە کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە، بەڵێنی کیم جۆنگ ئون بوو بە داماڵینی وڵاتەکەی لە چەکی ناوکی و راگرتنی هەموو بەرنامە و تاقیکردنەوە ناوکییەکان.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.
باسنيوز
