ترەمپ راگەیەندراوێک لەبارەی شەڕی دژی داعش بڵاو دەکاتەوە
راگەیەندراوەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە 16-2-2019 بڵاو دەکرێتەوە، چونکە لە رۆژی هەینی 15-2-2019، ترەمپ رایگەیاند، کە لە ماوەی 24 کاتژمێردا راگەیەندراوێک لەبارەی شەڕی دژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، بڵاو دەکاتەوە.
ئەمریکا لە ساڵی 2015ـەوە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکات، کە مەشق بە هێزە شەڕکەرەکانی دژی داعش دەکات و بە فڕۆکەی سەربازیش بنکەو بارەگاکانی ئەو رێکخراوە لە سووریا و عێراق، بۆردومان دەکات.
داعش، کە لە یەکگرتنی چەندین رێکخراوی توندڕەو و تیرۆریستی دروست بوو، لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 نزیکەی نیوەی خاکی عێراق و سووریای داگیر کرد و خەلافەتی داعشی راگەیاند.
لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنیوز
