پەرلەمان متمانەی بە حکوومەتەکەی سەعد حەریری دا
جگە لە پارتی کەتایبی مەسیحی، کە خاوەنی سێ کورسییە، لەگەڵ سێ پەرلەمانتاری دیکە، هەموو حزب و لایەنەکانی دیکە دەنگیان بە بەخشینی متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی سەعد حەریری، دا.
کۆبوونەوەکەی متمانە بەخشین بە کابینەی نوێی حکوومەت لە رۆژی هەینی 15-2-2019 بە ئامادەبوونی 117 ئەندام لە کۆی 128 ئەندامی پەرلەمانی لوبنان، ئەنجام درا و کابینەی نوێی حکوومەتیش دەنگی 111 پەرلەمانتاری بەدەست هێنا.
رۆژی 6/5/2018، هەڵبژاردنی گشتیی لە لوبنان ئەنجام درا و دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانیش، حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئەو وڵاتە، راسپێردرا و تا ئێستا حزب و لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت، رێک نەکەوتوون.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی بەهێزی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەب دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش چەند جارێک رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.
باسنیوز
