سوید چه‌ند بڕیارێك له‌باره‌ی په‌نابه‌ران ده‌رده‌كات
له رێككه‌وتنه چوار قۆڵیه‌كه‌ی نێوان پارته‌كانی سۆسیال دیموكرات، ژینگه، لیبراڵ و ناوه‌ڕاستدا، كه به رێككه‌وتننامه‌ی "یانیواری" ناوده‌برێت، باس له په‌نابه‌ران و كێشه‌كانیان به روونی كراوه. به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه له سوید ده‌ژین و خێزان و منداڵه‌كانیان له وڵاتانی خۆیان ماونه‌ته‌وه، ده‌توانن به مه‌به‌ستی به یه‌كگه‌یشتنی خێزانی بیانهێننه سوید، به‌ڵام ئه‌و یاسایه هه‌موو په‌نابه‌ران ناگرێته‌وه.
فرێدریك ماڵم، په‌رله‌مانتاری سوید له سه‌ر لیستی پارتی لیبراڵ بە كوردستان24 راگەیاند: "ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به یاسای هێنانی خێزانی هه‌یه، ئه‌و گرووپه ده‌گرێته‌وه كه پێیان ده‌وترێت جێگرەوەی پێویستی پاراستن. زۆرێك له‌و خه‌ڵكانه‌ی له‌و ناوچانه‌وه كه شه‌ڕی تێدایه هه‌ڵدێن و دێنه ئێره، هه‌موو ئه‌و مه‌رجانه پڕ ناكه‌نه‌وه، كه ئه‌و یاسایه ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ وێنه له رۆژئاواوه یاخود له سووریاوه دێن، ئه‌وانه هه‌موو لایه‌ك ده‌زانن كه بەختی زۆریان هه‌یه، ده‌توانن داوای خێزانه‌كانیان بكه‌ن و بیان هێننه ئێره و یه‌كبگرنه‌وه".
راشیگەیاند: "من وه‌كو كه‌سێكی لیبراڵ پێموایه منداڵ مافی خۆیه‌تی كه داهاتوویه‌كی باش و ژیانێكی ئارامی له سه‌قامگیری و ئاسایش‌دا هه‌بێت. ئه‌گه‌ر مرۆڤ بتوانێت ئه‌مه له سوید بكات بۆیان زۆر باشه".
ھەر پەیوەست بەو باسەوە ئاندێش ئۆستێربه‌ری، په‌رله‌مانتاری پارتی سۆسیال دیموكرات لە پەرلەمانی سوید بە كوردستان24 گوت: "ئه‌م یاسایه زۆر له‌مێژه باس و گفتوگۆی له سه‌ر ده‌كرێت، مێژوویه‌كی درێژی هه‌یه به پێی یاسای (ئی بی ئۆ) له رابردوودا هه‌ر كه‌سێك كه ده‌هاته سوید مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه شوێنی ژیانی هه‌بێ و خۆشی ده‌یتوانی كوێی بوێ له‌وێ بژی، به‌ڵام له ساڵی 2015 زیاتر له 100 هه‌زار كۆچبه‌ر روویان كرده سوید و ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تێكی گه‌وره‌ی بۆ سوید دروستكرد. بۆیه كێشه‌ی مانه‌وه‌و و جێگا بۆ خه‌ڵك دروست بوو. له‌به‌رئه‌وه بڕیاری گۆڕین و ده‌ستكاری كردنی ئه‌و یاسایه باش و پێویست بوو".
دەشڵێت: "له سوید هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه ماڵ و شوێنی ژیانی هه‌بێ، به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بینیمان كه هه‌ندێك له ناوچه‌كان زۆر گه‌وره نین. به‌ڵام خه‌ڵكانێكی زۆر له ماڵی بچووك بچو‌وكدا ده‌ژین، له‌به‌ر ئه‌وه بڕیاردرا كه هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت ماڵ و شوێنی خۆی له هه‌رجێگه‌یه‌ك كه لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بۆی دیاریده‌كات بژی، ده‌نا ئه‌و ده‌رماڵه‌یه‌ی پێ‌نادرێت كه حكوومه‌ت بۆ بژێوی ژیان پێی دەدات".
K24
