مەكگۆرگ: توركیا ئەو هاوپەیمانە نەبووە كە جێی متمانە بێت

 مەكگۆرگ: توركیا ئەو هاوپەیمانە نەبووە كە جێی متمانە بێت

برێت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی ئەمریکا لە هێزی هاوپەیمانان بۆ لێدانی داعش، لە وتارێكدا هێرشی کردووەتە سەر توركیا و دەڵێت ئەو وڵاتە جێی متمانەی هاوپەیمانان نەبووە و لە بەرژەوەندیی ئەو گرەوپانە كاری كردووە كە خۆی لە سووریا دروستی كردوون.



مەكگۆرك لە وتارێكدا لە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)، ئاماژەی داوە توركیا لەبارەی سووریاوە هاوپەیمانێك نەبەوە کە جێی متمانە بێت.



ئەو دەنووسێت: "بەهۆی ئەوەی توركیا پاڵپشتی لە چەند گرووپێكی چەكداری كردووە لە سووریا و ئەو گرووپانەش زۆر بچووك بوون، بۆیە ئەمریكا وەكوو ئەڵتەرناتیڤێك پاڵپشتی لە هێزەكانی سووریای دیموكرات كردوە لە سووریا. هەروەها توركیا بەبێ هاوكاریی ئەمریكا نەیدەتوانی هیچ سەركەوتنێك بەدەست بهێنێت لە سووریا".



لە بەشێكی تری وتارەكەیدا، مەكگۆرك باس لە هەوڵی توركیا دەكات بەوەی دەیەوێت ئەو گرووپە چەكدارانەی خۆی پاڵپشتییان دەكات، لە شوێنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان جێگیر بكات. پێشی وایە هاتنی سوپای توركیا بۆ ئەو ناوچەیە گرژی دروست دەكات و ژیانی كوردەكان و كریستیانەكان دەخاتە مەترسییەوە.



باسنیوز
Top