پۆمپیۆ سەردانی كوەیتی نەكرد و گەڕایەوە وڵاتەکەی
ڕۆبێرت پاڵادینۆ، وتەبێژێكی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند، پۆمپیۆ دوای سەردانەكەی بۆ عومان و سعودیە بێئەوەی سەردانی كوەیت بكات گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەی بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەیەكی خێزانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرسەكە پرسەی یەكێكە لە خانەوادەی هاوسەرەكەی پۆمپیۆ كە لە گەشتەكەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوەڵیبووە، و پۆمپیۆ-ش لەگەڵ هاوسەرەكەیدا گەڕاوەتەوە بۆ ئەمەریکا.
پۆمپیۆ کۆتایی گەشتەکەی بە سەردانکردنی سعودیە هێناوە و بەپێی وتەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی هاودەمی پۆمپیۆ بوون لە گەشتەكەیدا، پۆمپیۆ بەجیا لەگەڵ شا سەلمانی پاشای سعودیە بۆ ماوەی 35 خولەك و شازادە موحەممەد بن سەلمان بۆ ماوەی 45 خولەك كۆبووەتەوە.
هاوكات باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە لە سعودیە لە تویتێكیدا ڕایگەیاندووە، پۆمپیۆ لەگەڵ شازادە بن سەلماندا هاوڕابوون لەسەر كپكردنەوەی گرژیەكانی یەمەن.
پۆمپیۆ هەروەها باسی ئەوەشی کردووە، گفتوگۆ لەسەر دۆسیەی كوشتنی جەمال خاشقچی دەكات كە لە مانگی تشرینی یەكەم دا لەناو باڵیۆزخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ كوژرا، بەڵام هیچ زانیاریەك سەبارەت بەو گفتوگۆیە ئاشكرانەكراوە.
سەرچاوە. خەندان
