پەرلەمانتارێکی ئێران: دۆخی ئێستای ئێران هاوشێوەی پێش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەتە
جەلیل ڕەحیمی، نوێنەری شاری "توربەت جام"ی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باشوور لەناو پەرلەمانی ئێران لە وتارێکدا ڕای گەیاندووە: "هەزینە و خەرجی ناپێویست و زیادە دەبێ لاببرێن" و دۆخی ئێستای ئێرانی بە هاوشێوەی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتی پێش ڕووخان بەراورد کردووە و دەڵێت: "هەرچەند یەکێتیی سۆڤیەت خاوەنی 13 هەزار کڵاوی ناوکی بووە و لە زیاتر لە 20 وڵاتی جیهان پێگەی بەهێزی هەبوو، بەڵام لەناو شەقامەکانی وڵاتەکەی بەچۆکدا هات".
ڕەحیمی ڕاشی گەیاندووە: "هەرچەند بوون و پێگەی ئێران لە ناوچەکە زۆر گرنگە، بەڵام نابێ ئەو خاڵە فەرامۆش بکەین ئەویش ئەوەیە کە هەندێ کات لەوانەیە هەزینە و تێچووی زۆری بیانی، حکوومەت لە شەقامەکانی تاران بە چۆکدا بێنێ".
ئەو نوێنەرەی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە دۆخی شپرزەی ئابووری و گوزەرانی خەڵک کردووە و گوتی: "ئەمڕۆ خەڵکی ئێران بۆ بژیویان و بۆ تێرکردنی منداڵاەکانیان تووشی گرفت و ئاستەنگ بوون، ئێمە ئەگەر نەتوانین تێچووە زیادە دەرەکی و ناوخۆییەکان چارەسەر و کە بکەینەوە، نرخێکی قورس دەدەین و زەربەیەکی فراوان و قەرەبوونەکراو بە ئاسایشی نیشتمانی نەتەنیا لەلایەن دوژمنان، بەڵکوو لەسەر شەقامەکان بەر سیستەمی وڵات دەکەوێت".
باسنیوز
