ئەکادیمییەکی عەرەب: لە 2019دا وڵاتانی عەرەبی بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەچن

 ئەکادیمییەکی عەرەب: لە 2019دا وڵاتانی عەرەبی بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەچن
ئەکادیمییەکی عەرەب لە فەرەنساوە رایدەگەیەنێت، کە لە ساڵی ئایندەدا، وڵاتانی عەرەبی بەرەو دابەشبوون و مملانێی زیاتر دەچن.

خەتار ئەبودیاب، مامۆستای زانستە سیاسییەکان و توێژەر لە سەنتەری جیۆپۆلەتیکی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە وتارێکدا، کە لە ماڵپەڕی (ئەلعەرەب) بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینییەکانی بۆ ساڵی 2019 خستووەتە روو.

خەتار ئەبودیاب وڵاتانی عەرەبی بە ”پیاوە نەخۆشەکە“ ناودەبات و پێی وایە لە قۆناغی داهاتووش توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان نییە و بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەچن.

ئەو ئەکادیمییە عەرەبە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی بە سەنتەری کێشە گەورەکانی جیهان داناوە و رایگەیاندووە، لە ئەنجامی یەکلابوونەوەی کێشەکانی ئەو ناوچانە، رەنگە تەرازووی هێزە جیهانییەکان بگۆڕێن و سیستەمێکی نوێی جیهانی سەرهەڵبدات.

خەتار ئەبودیاب بە باسکردنی کاریگەریی سزاکانی سەر ئێران و ئەو رووداوانەی لە سوودان، فەلەستین، سووریا، لوبنان و یەمەن دەگوزرێن، رایگەیاندووە، ئەگەری شەڕی ناوخۆیی زیاتر و جەنگی بە وەکالەتی لایەنەکانی ئەو وڵاتانە، زیاتر دەبێت.

ئەبودیاب ئاماژەی بەوەش کردووە، کە داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەساڵی 2011ـەوە دەستی پێ کردووە و تا ئەمساڵیش بەردەوام بوو، ”پێناچێ لە 2019ش دارشتنەوەکە تەواو بێت“.

لەبارەی رەوشی زلهێزەکانی جیهانەوە، ئەو توێژەرە عەرەبە رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا شکستی هێناوە لە ئیدارەی وڵاتەکەی و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیاش لە دەرەوە سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە ناوخۆدا ئاستی جەماوەرێتی دابەزیوە، کەچی شی جینگ پینگی سەرۆکی چین، توانیویەتی وڵاتەکەی بەهێز و پارێزراو بکات.












باسنيوز
Top