فەرماندەیەكی سەربازیی توركیا: سووریا گەڕایەوە بۆ پێش ساڵی 2011

 فەرماندەیەكی سەربازیی توركیا: سووریا گەڕایەوە بۆ پێش ساڵی 2011
فەرماندەیەكی سەربازیی خانەنشینكراوی توركیا، پێی وایە ئیدی توركیا ترسی بوونی تیرۆری نییە لەسەر سنوور، چونكە بە هاتنی هێزەكانی حكوومەتی سووریا بۆ رۆژئاوا كە هێزە كوردییەكانی لێ بووە، ئیدی سووریا گەڕایەوە بۆ پێش ساڵی 2011

ئەحمەد یافووز، فەرماندەی خانەنشینكراوی پێشووی توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی (جومهوریەت)ـی توركی دەڵێت، یەپەگە توانی لەگەڵ رژێمی ئەسەددا رێك بكەوێت بۆ ئەوەی هێزەكانی بهێنێتە رۆژهەڵاتی فورات و مەنبەج، كە ئەمەش لە قازانجی هەموو لایەكدایە.

ئەو فەرماندەیە ئاماژە بەوەش کردووە: "بە كشانەوەی ئەمریكا لە سووریا، بۆشاییەكی سەربازی گەورە دروست دەبێت و دەبێ ئەو بۆشاییەش پڕ بكرێتەوە، بۆیە یەپەگە داوەتی هێزەكانی سووریای كردووە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، هەروەها بۆ پاراستنی خۆشی لە سوپای توركیا".

باس لەوەش دەكات، كە گەورەترین ترسی توركیا لە ڕۆژئاوا دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی بووە، بۆیە ئێستا ئەو ترسەی توركیا بە تەواوەتی كۆتایی پێ هاتووە، بە تایبەت كاتێك ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و داگیركردنی عەفرین ئەنجام درا و كشانەوەی ئەمریكاش ئەو ترسەی توركیا نەهێشت".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەی بۆ (جومهوریەت) كە ئەمڕۆ 29_12_2018 بڵاو كراوەتەوە، پێی باشە ئیدی كاتی هاتووە توركیا راستەوخۆ پەیوەندیی دیبلۆماسی لەگەڵ سووریادا ئەنجام بدات، چونكە ئیدی یەكپارچەیی خاكی سووریا چووە بواری جێبەجێكردنەوە و نە دوەڵەتی كوردی دروست بوو و نە بەشار ئەسەدیش لە دەسەڵات لادرا.










باسنيوز
Top