پێنتاگۆن: بڕیاری کشانەوەی هێزەکانمان لە سووریا واژۆ کرا
بەپێی هەواڵێکی (سکای نیوز)، ئەمڕۆ دووشەممە 24/12/2018، گوتەبێژی سەربازیی پنتاگۆن رایگەیاندووە، فەرمانی جێبەجێکردنی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکان واژۆ کرا.
سەرچاوە سەربازییە ئەمریکییەکان باس لەوە دەکەن، کە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، کە نزیکەی دوو هەزار سەرباز دەبن، لە ماوەی 60 رۆژ تا 100 رۆژ دەخایەنێت.
شەوی چوارشەممە 19/12/2018، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) رایگەیاند، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گەڕاندنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، داوە.
ئەو هێزە. ئەمریکییانە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و بۆ مەشقکردن بە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)، لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا جێگری ببوون.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنیوز
