سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت.

سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت.
مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ سەرکردایەتیی بزووتنەوەی فەتح، کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات، رایگەیاندووە، بەپێی یاسا ئەوان مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیان نییە، بۆیە بە نووسراو داوای هەڵوێستی دادگای دەستوورییان کردووە.



مەحمود عەباس هەروەها رایگەیاندووە، دادگای دەستووری بڕیاری داوە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و داوای کردووە لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و ”ئێمەش پابەندی بڕیاری دادگاین“.



هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان گورزێکی کەمەرشکێنە لە بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس)، چونکە زۆرینەی پەرلەمانی پێک دەهێنێت.



پەرلەمانی فەلەستینی لە 132 کورسی پێک دێت، کە حەماس لە هەڵبژاردنی مانگی 1ـی 2006دا، توانی 74 کورسی بەدەست بهێنێت و حزبەکەی مەحمود عەباسیش 45 کورسی بە دەست هێنا.



دوای هەڵبژاردن، فەتح و حەماس نەیانتوانی بە هاوبەشی وڵاتەکەیان بەڕێوە ببەن و بەو هۆیەشەوە حەماس دەستی بەسەر کەرتی غەززەدا گرت و حوکمڕانیی ئەو بەشەی فەلەستینی کرد.



سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەستپێشخەرییەکیان بۆ حەماس کردووە بۆ ئاشتبوونەوە، بەڵام حەماس وەڵامی دەستپێشخەرییەکەیان نەداوەتەوە.



حەماس بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوی فەلەستینییە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەنرێت.




باسنیوز
Top