دوو تەقینەوەی بەهێز لە نزیک بارەگای سەرۆکی سۆماڵ روویان دا
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 22/12/2018 ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو، کە خۆکوژێک لێی دەخوڕی، لە بازگەیەکی ئەمنی لە نزیک شانۆی نیشتمانی تەقییەوە و چەند خولەکێک دواتریش، ئۆتۆمبێلێکی دیکەی بۆمبڕێژکراو لە هەمان شوێن تەقییەوە.
دوو ئۆتۆمبێلەکە لە دووریی 400 مەتر لە بارەگای محەمەد عەبدوڵڵا محەمەد، سەرۆکی سۆماڵ تەقیونەتەوە، بەڵام هیچ زیانێک بە سەرۆک نەگەیشتووە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، بەهۆی دوو تەقینەوەکەوە، لانی کەم پێنج کەس گیانیان لەدەست داوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، بەڵام پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، ژمارەی قوربانییان لە بەرزبوونەوە دایە.
کۆماری فیدڕالیی سۆماڵ، وڵاتێکی ئەفریقییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی ئەو کیشوەرە. ژمارەی دانیشتووانی بە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.
باسنيوز
