ئێران: دژبەرانمان بەهێزتر بوون و خەریکە یەک دەگرن

 ئێران: دژبەرانمان بەهێزتر بوون و خەریکە یەک دەگرن
وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوێنێ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە گوتارێکدا ڕای گەیاند بە هاوکاریی ئەمریکا ئۆپۆزسیۆن و دژبەرانی ئێمە خەریک لێک نزیک دەبنەوە و لە هەوڵی یەکگرتن و کاری هاوبەشدان.

بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعات لە وەڵامی ئەندام پەرلەمانێکدا گوتی: "بارودۆخی ئەمنیی ئێستای ئێران لەگەڵ ساڵانی پێشوو جیاوازە" و جەختیشی کردەوە: "لەگەڵ هەلومەرجێک بەرەوڕووین کە تۆڕە سیخوڕی و هەواڵگری و ئەمنییەکانی وڵاتانید راوسێ و تەنانەت وڵاتە دوورەکانیش، ڕاستەوخۆ لەدژی ئێران هاتووتەنەتە مەیدان و پشتیوانیی دارایی و ڕاهێنانی گرووپ و تیمە تیرۆریستییەکان دەکەن".

عەلەوی ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە زۆر شوێن 64 کۆبوونەوە و دانیشتن لە نێوان دژبەرانی ئێراندا ڕووی داوە و ئامنجیشیان بردنە سەری ئاستی خەباتی خۆیان و لێک نزیکبوونەوە و هاوکاریی زیاتر دان".

ئە بەرپرسە ئەمنیەی ئێران ئاماژەی بەوەش داوە: "پشتیوانیی لوجستیکی لە گرووپە تیرۆریستییەکان لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە بە چڕی بەردەوامە و کەلوپەلی سەربازیی مۆدێڕنیان پێیە، ئەگەر جاران "تیمە تیرۆریستییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵات، یان باکووری ڕۆژئاوا، یان باشووری ڕۆژئاواوە، بە قەمەرە، یان پیکابێک و چەند کڵشینکۆفەوە دەهاتنە ناو خاکی ئێران، ئەمڕۆ ئیتر بە ئۆتۆمبێلی شاسی بەرز و ماتۆر بەهێز و تیربار و چەکوچۆڵی زۆر و تەنانەت تۆپی 23 میلەی مەتریی دژە ئاسمانی دێنە ناو سنوورەکانمانەوە و هێرش دەکەنە سەرمان.

وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، وێڕای تۆمەتبارکردنی وڵاتانی دراوسێ بە پەروەردە و بارهێنانی ئەو هێزانە گوتی: "پێشتر مەشق و ڕاهێنانەکانیان بەرتەسک و لە ئاست شەڕی چریکیدا بوو، بەڵام ئیستا جیا لەوە، مەشق و ڕاهێنانی زانیاری و ئەمنیش دەبینن کە بە چ شێوەیەک پەیوەندی و هاتوچۆکانی خۆیان لە چاو تیمە زانیارییەکانەوە بشارنەوە و بە ئاسوودەیی هاتوچۆ بکەن".

عەلەوەی داوای بوودەجەی زیاتری بۆ ئەو وەزارەتە کردووە کە دەبێ هەڵسوکەوتی توندوتیژ و سەخت بگرینە بەر و ڕاسی گەیاند: "لە ستراتیجیی وەزارەتی ئیتلاعاتدا پێشگیری لە ئەولەویەتدایە".

ئێران پێشتریش وڵاتانی سعوودیە، ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردووە کەلە پشت ئەو پلانانەوەن و پاڵپشتیی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوەیە، بەڵام ئەو وڵاتانە ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە.

لەمبارەوە بێهزاد خۆشحاڵی، نووسەر و چاودێری سیاسیی دانیشتووی ئەڵمانیا لە لیدوانێکدا گوتی: "سەرەتا کۆماری ئیسلامیی بەتەواوی لە هەندێ پیلان و پرۆژەی خۆی کە بۆ دژبەرانی دایڕشتبوو، نائومێد بووە و ئەو ئاڵقانە پچڕاون و هەم سوپا و هەم بەرپرسان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێ لەمەودوا لەبارتی پرسی پاراستنی ڕژێم، پرسی پاراستنی ئێران بخەنە بەرباس"

ئاماژەی بەوەش کرد: "هەم ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات و هەم دژبەرانی ناوخۆیی هەموویان بەو قەناعەتە گەیشتوون کە پرسەکە لەسەر پاراستنی گشتتیەتی ئێران چڕ کراوەتەوە، بۆ وێنە سادق زیباکەلام مامۆستای زانکۆی تاران لە وتووێژێکدا لەبارەی مانگرتنی سەرتاسەریی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەڵێ خۆم چووم لە نزیکەوە بارودۆخی شارەکانم دی، ئەمەش دەربڕی ئەوەیە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە کوردستان دووبارە بە شێوەیەکی فراوان چالاک بووەتەوە و ئەمجارە ئیتر تەنیا لەوەدا کورت ناکرێتەوە کە تەنیا یەک یان دوو باڵی حکوومەت لە پشتی بن، بەڵکوو لە هەموو مۆرە و باڵ و کارناسەکان کەڵک وەردەگرن بۆ لێکدانەوە و تاوتوێی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێش بە هەر جۆرە ڕاپەڕین و هەستانەوەیەک لە کوردستان بگرن کە بببێتە هۆی دابڕانی کوردستان لە جەوهەری حكوومەت".

ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی: "من لام وایە حکوومەتی ئیران زۆر باش لەوە تێگەیشتووە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەریکە بەرەو ئاقارێکی دیکە لە ناسنامەخوازی و وشیاریی نەتەوەیی دەڕوات و ئەمەش بەرەو ئەو دابڕانە لە ناوەند و حکوومەت دەیبات و حکوومەتیش لەوە تێگەیشتووە کە کوردستان بە جۆرێک ڕێبەریی زەینی ئەو جۆرە لە هزر و ئەندێشەیە شوناسخوزانیە دەکات کەلە سەتاسەری ئێراند هەیە".

بێهزاد خۆشحاڵی گوتیشی: "بەڕای مایک فلید بیرمەندی ڕۆژئاوایی، دوورەدیمەنی شەڕی ناوخۆیی ئیران ئەوەیە کە سوپای پاسداران دوای مەرگی ڕێبەرەکەی، ناچار دەبێت هاوکات لەگەڵ کورد، ئازەری، عەرەب و بەلووچەکاندا شەڕ بکات کە ئەوان جەنگ و شۆڕشی ئازادی دەکەن کە ئەم تێگەیشتە بە وردی سنوورەکانی شەڕی داهاتووی ناوخۆخی ئێران دیاری دەکات و وا دەردەکەوێ لە ئەگەری هەر گۆڕانێکدا هێزە ئەمنییەکانی "وەک ئینتزامی، ئەرتەش و سوپا هەر لە شوێنی خۆیان دەمێنن و لەڕاستیدا ببنە هۆکاری فشار و باسکی هێرشکردنە سەر کورد و ئەمەش زۆر گرنگە و دیار بەرەبەرە پەردە لەسەر پیلانەکان لادەدرێت، بە جۆرێک کە پرۆژەی داهاتوویان ئیتر پرۆژەی پاراستنی جەوهەری ئێران و پرۆژەی پاراستنی رژێم شتێک نییە کە ئەوەندە خۆیان پیوە خەریک بکەن".

بێهزاد خۆشحاڵی ڕاشی گەیاند: "بەو پێیەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دەستی لە هەموو شوێنێک بڕاوە، پێدەچێت هێزی سەخت و زبر بەکار بهێنێت و لەوانەیە هەم لە ناوخۆی ئێران و هەم لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی (وڵاتانی دراوسێ) دەست بۆ چالاکیی تێکدەرانە و یاخیگەرانە ببات".

ئەم گوتانەی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران لە کاتێک دایە، هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ئەڵقە پەیوەندی و لۆبیگەرییەی کە دەگوترێ لە نێوان سوپای پاسداران و "ئۆپۆزسیۆن و لایەنگرانی پاشایەتی" هەبووە، پچڕاوە و ڕەویوەتەوە و سوپای پاسداران بەتەمای ڕێکارێکی دیکەیە.










باسنيوز
Top