ئەفغانستان: لە ئۆپەراسیۆنێکدا 100 چەکداری تاڵیبان کوژراون

 ئەفغانستان: لە ئۆپەراسیۆنێکدا 100 چەکداری تاڵیبان کوژراون
وەزراتی بەرگریی ئەفغانستان، لە ئەنجامی ئۆەپراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی لە هەرێمی (غەزنی)ی ئەو وڵاتە 100 چەکداری ڕێکخراوی تیرۆریستیی تاڵیبان کوژراون.



ماڵپەڕی (کۆماری)ی ئەفغانستان لەمبارەوە بە پشتبەستن بە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان بڵاوی کردووەتەوە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا 100 چەکداری تاڵیبان لە هەرێمی غەزنی کوژراون و 40 کەس لەو چەکدارانە خەڵکی پاکستان بوون.



لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستاندا هاتووە: "ئەو تیرۆریستانە لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینیی سوپای ئەو وڵاتە لە شارەکانی "گیلان، ناوە، خوگیانی و جاغوری" لە هەرێمی غەزنی کوژراون".



ماوەی دوو مانگە هێرش و تەقینەوە و توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان زیادیان کردووە و بە بۆنەوە بە سەدان هاووڵاتیی سڤیل و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بوونەتە قوربانی، ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە ئەشرەف غەنی سەرکۆماری ئەفغانستان بە فەرمی داوای لە گرووپی تاڵیبان کردووە دانوستان و دیالۆگ بۆ ئاشتی دەست پێ بکەن.



دۆخی ئەمنی و ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەفغانستان زۆر خراپە و بەپێی ڕاپرسیی "بنیادی ئاسیا" لەو وڵاتە 60٪ی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە لەو دۆخە نائومێدن و پێیان وایە وڵاتەکەیان تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە و بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەچێت.





باسنیوز
Top