پارتێکی فەرەنسا داوای ئەنجامدانی ریفراندۆم دەکات
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (لۆفیگارۆ)ی فەرەنسی، حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی فەرەنسا چەند پێشنیازێکیان بۆ کۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەکان، پێشکەشی حکوومەت کردووە.
دیارترین پێشنیازی ئۆپۆسیۆنی فەرەنسا پاشگەزبوونەوەی حکوومەتی ئەو ولاتەیە لە بڕیاری زیادکردنی باج لەسەر بەرهەمە سووتەمەنییەکان، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بڕیارە زیادبوونەکە لە مانگی 1ـی ساڵی 2019ـەوە بچێتە بواری جێبەجێکردن.
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پشێوییەکان، لۆران فۆکییە، سەرۆکی پارتی کۆمارییەکان، کە پارتی نیکۆڵا سارکۆزیی سەرۆکی پێشووتری فەرەنسایە، داوای ئەنجامدانی ریفراندۆمێکی لە وڵاتەکەی کردووە.
لۆران فۆکییە داوای کردووە گەلی فەرەنسا لە ریفراندۆمەکەدا، بڕیار لەسەر جێبەجێکردن یاخود رەتکردنەوەی بڕیاری زیادکردنی باجی سەر سووتەمەنی، بدات.
ئەگەرچی خۆپیشاندانەکان لە دژی بڕیاری بەرزکردنەوی نرخی سووتەمەنی دەستیان پێ کرد، بەڵام ئێستا داوای خۆپیشاندەران زیاد بووە و داوای ”دەست لەکار کێشانەوە“ی ئیمانوێڵ ماکرۆن دەکەن لە سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان.
لە ناوەڕاستی مانگی 11ـی 2018ـەوە هاووڵاتییانی فەرەنسا دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی خۆپیشان دەکەن و هەموویان چاکەتێکی فسفۆرییان لەبەر کردووە.
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دوای بڕیارێکی ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا دێتل کە بڕیاری دابوو باجی سەر سووتەمەنی بەرز بکاتەوە، بەو مەبەستەی خەڵک زۆرتر ئەو هۆکارانەی گواستنەوە بەکار بهێنن، کە دۆستی ژینگەن.
باسنیوز
