نزیکەی 18 مانگە سعودیە و قەتەر هیچ پەیوەندییەکیان نەماوە

  نزیکەی 18 مانگە سعودیە و قەتەر هیچ پەیوەندییەکیان نەماوە
سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر بەهۆی کۆچی دوایی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، پەیامێکی ”رەحمەت“ بۆ سەرکردەیەکی باڵای شانشینی سعودیە دەنێرێت.



حەمەد بن جاسم بن جەبر ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی قەتەر (2007- 2013) لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، ”رەحمەتی خوای گەورە لە جۆرج بوشی باوک بێت، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە رزگارکردنەوەی کوێت هەبوو، کە لەبیر ناکرێ“.



حەمەد بن جاسم بن جەبر ئال سانی، کە یەکێکە لە میرزادەکانی قەتەر، دوای 18 مانگ ناکۆکیی وڵاتەکەی لەگەڵ سعودیە، بە پێویستی زانیوە ”رۆڵی یەکلاکەرەوە“ی شا فەهد بن عەبدولعەزیز، شای پێشووتری سعودیە (1982- 2005) باس بکرێت، ”شا فەهد رەحمەتی خوای لێ بێ رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و دانایانەی نەک لە رزگارکردنەوەی کوێت، بەڵکو لە پاراستنی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوی عەرەبیش هەبوو“.



بەرەبەیانی رۆژی شەممە 1/12/2018، جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا (1989-1993) لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.



رۆژی 4/8/1990، سوپای رژێمی بەعسی عێراق دوای دوو رۆژ شەڕ، کوێتی داگیر کرد، بەڵام دواتر هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و پاڵپشتیی سعودیە دروست کرا و ئەو وڵاتەی لە داگیرکاریی عێراقی، رزگار کردەوە.



رۆژی 5.6.2017، بەهۆی بوونی پەیوەندیی قەتەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگیریکردنی رەوتی ئیخوان موسلیمین، هەر چوار وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنن.




باسنيوز
Top