ترەمپ: پەیوەندیم لەگەڵ کیم جۆنگ ئون باشە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەناو فڕۆکە لەکاتی گەڕانەوەی لە ئەرجەنتین، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، لە مانگی 1 یان 2ـی ساڵی 2019، بۆ جاری دووەم لەگەڵ کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور کۆ دەبێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ بەبێ ئاشکراکردنی شوێنی کۆبوونەوەی دووەمی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، رایگەیاندووە، تا ئێستا سێ شوێن دیاری کراون، بەڵام شوێنەکە بە تەواوی یەکلا نەبووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پەیوەندی و نێوانی ئەو سەرۆکی کۆریای باکوور باشە و ”لەکاتی گونجاویش“ کیم جۆنگ ئون بانگهێشتی ئەمریکا دەکات.
رۆژی 12/6/2018 بۆ یەکەم جار، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە سەنگافورە کۆ بوونەوە و رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.
گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکە، بەڵێنی کیم جۆنگ ئون بوو بە داماڵینی وڵاتەکەی لە چەکی ناوکی و راگرتنی هەموو بەرنامە و تاقیکردنەوە ناوکییەکان.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.
باسنیوز
