سەرۆکی فەرەنسا پەیامێکی ”زۆر توند“ بۆ سەرکردەیەکی گەنج دەنێرێت

 سەرۆکی فەرەنسا پەیامێکی ”زۆر توند“ بۆ سەرکردەیەکی گەنج دەنێرێت
سەرۆکی فەرەنسا لە ئەرجەنتینەوە پەیامێکی زۆر توند بۆ سەرکردەیەکی گەنج دەنێرێت.



کۆشکی ئێلیزی (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی G20 لە بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین، کۆ بووەتەوە.



هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئیمانوێڵ ماکرۆب پەیامێکی ”زۆر توند“ی وڵاتەکەی داوەتە محەمەد بن سەلمان، بەهۆی کوژرانی جەمال خاشقچی، نووسەری سعودی، لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستەنبوڵ.



هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە بەشداریکردنی پسپۆڕە ئەوروپییەکان لە لێکۆڵینەوە لە کەیسی کوژرانی خاشقچی کردووەتەوە.



هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سعودیە رەتی دەکەنەوە، بەڵام زانیارییە میدیایی و هەواڵگرییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە خاشقچی بە فەرمانی شازادەی جێنشینی سعودیە کوژراوە.



ەمال خاشقچی، نووسەر، رۆژنامەنووس و هاووڵاتیی سعودیە لە ئیستەنبوڵ لە رۆژی 2/10/2018ـەوە ون بوو و دواتر لە رۆژی شەممە 6/10/2018، ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی تورکیا بڵاوی کردەوە، کە خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودیە کوژراوە.



دواى 18 ڕۆژ، له‌ رۆژی شەممە 20/ 10/ 2018، ئاژانسی هەواڵی سعوودیی فەرمی، بڵاوی کردەوە، کە جەمال خاشقجی، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی وڵاتەکەی لەناو کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبوڵ بە دەست بەشەڕ هاتووە و دواتر به‌و هۆیه‌وه‌، گیانى له‌ده‌ست داوه‌.




باسنیووز
Top