وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیچ بەرژەوەندییەکمان لە رێککەوتنی ناوکی نەماوە
عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، ئەگەر ئێران سوود لە رێککەوتنی ناوکی وەرنەگرێت، ئەوا ئەو رێککەوتنە سەرکەوتوو نابێت.
عەباس عێراقچی بە ئاماژەکردن بەوەی دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی، ئێران هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوە لەو رێککەوتنە نەماوە، داوای کرد یەکێتیی ئەوروپا میکانیزمێکی دیکە بۆ بەردەوامبوون لە هاوکاریی ناوکی لەگەڵ ئێران دابنێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لە پێویستیی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ”ئێمە هەموومان پابەندین بە جێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە“.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز
