جێیمس جێفری، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: دەبێ هەموو هێزە بیانییەکان لە سووریا بچنە دەرەوە و تەنیا یەک وڵات رێگای پێ دەدرێت

جێیمس جێفری، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا: دەبێ هەموو هێزە بیانییەکان لە سووریا بچنە دەرەوە و  تەنیا یەک وڵات رێگای پێ دەدرێت
نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، رایگەیاندووە، دەبێ هەموو هێزە بیانییەکان لە سووریا، جگە لە هێزەکانی رووسیا، ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن.



جێیمس جێفری، نوێنەری تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە لێدوانێکدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، داوای ئەمریکا بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان، هێزەکانی رووسیا لە بنکە سەربازییەکانی تەرتوس و حومیمیم لە سووریا ناگرێتەوە، چونکە ئەو هێزانە پێش شەڕی ناوخۆیی، لە سووریا بوون.



جێیمس جێفری هەروەها رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پێی وایە دەبێ هەموو هێزە بیانییەکانی دیکە بەتایبەت هێز و میلیشیا ئێرانییەکان، لە سووریا بچنە دەرەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا.



لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، ئێران بە ناردنی چەک و چەندین میلیشیا، هاوکاریی رژێمی سووریا لە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکات.



جگە لە میلیشیا ئێرانییەکان، هێزێکی سوپای تورکیا لە شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان جێگیر بوون، دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەکە لەلایەن سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە پاڵپشتیی سوپای تورکیا.



لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.



رۆژی یەکشەممە 18/3/2018، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی و چەکدارانی سوپای ئازاد دەستیان بەسەر عەفریندا گرت.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.



باسنیوز
Top