10 هەزار ئاوارەی خورماتوو لە گەرمیان ناگەڕێنەوە بۆ شارەكەی خۆیان

 10 هەزار ئاوارەی خورماتوو لە گەرمیان ناگەڕێنەوە بۆ شارەكەی خۆیان
بەرپرسی بەشی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان ڕای دەگەیەنێت تا ئێستا دە هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی سنووری قەزای خورماتوو لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەژین و بەهۆی دڵنیانەبوونیان لە دۆخی ئەمنیی شارەكەیان، ناتوانن بگەڕێنەوە.



بێستوون ژاڵەیی، بەرپرسی بەشی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئێستا 10 هەزار هاووڵاتیی ئاوارەی سنووری قەزای خورماتوو، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەژین كە 60 خێزانیان لەنێو كەمپی ئاوارەكانی تازەدێ نیشتەجێبوون و ئەوانی دیكەشیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی‌تر لە شارەكانی كەلار و كفری و شارەدێكانیاندا دەژین".



گوتیشی "بەشێك لەو خێزانانە لە پێش ڕووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەهۆی تەندوتیژی و نائارامییەكانی قەزای خورماتوو هاتوونەتە سنوورەكە و بەشێكیشیان پاش 16 ئۆكتۆبەر هاتوون و كوڕ و منداڵیان لەگەڵ لایەنە كوردییەكان بوون و پێشمەرگە و پۆلیس بوون و هێشتا دڵنیا نین لە دۆخی ئەمنیی شارەكەیان، بۆیە ناگەڕێنەوە".



ڕوونیشی كردەوە: "بەشێكی‌تر لەو خێزانانە لەو كەسانەن كە ماڵ و حاڵیان سووتێنراوە و بەرژەوەندیی بازرگانییان لەو شارەدا نەماوە و بەشێكیشیان كارگە و كارخانەكانیان سووتێنراوە و تاڵان كراوە و بەشێكیشیان ئەو دەوڵەمەندانەن كە هێشتا دڵنیا نین لە ماڵ و حاڵی خۆیان و لێرە سەرقاڵی كاركردنن".



16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە هاوكاریی گرووپێكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیی كورد شەهید و بریندار بوون و هەزاران خێزانیش ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون.




باسنیوز
Top