حیزبوڵڵا چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەكڕێتەوە
ژمارەیەك چالاكڤان و فەرماندەی پێشووی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن لە باشوور و باشووری رۆژئاوای سووریا بە (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی ئەمریكییان راگەیاندووە كە هێزە میلیشیا لوبنانییەكە نزیكەی 2000 چەكداری ئۆپۆزیسیۆنی لەو ناوچەیە هێناوەتە ناو هێزەكانی نزیك لە رژێمی سووریا، روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ مەزندەی 1600 چەكدار دەكات. حیزبوڵڵا خۆی نزیكەی 25 هەزار چەكداری چالاكی هەیە كە ژمارەیەكی زۆریان لە سووریا شەڕ دەكەن.
بەشی زۆری ئەو چەكدارانە تاوەكو كۆتایی ساڵی رابردوو لە لایەن واشنتنەوە پشتگیری مادییان لێدەكرا، بەڵام پاش راگیرانی ئەو هاوكارییانە و شكستی ئۆپۆزیسیۆن لە پارێزگاكانی درعا، قونەیتەرە و سوەیدا لە چەند مانگی رابردوودا، پێگەی چەكدارانی ئەو گروپە لە ناوچەكە تەواو لاواز بووە.
ساڵ و نیوێك پێش هێرشی هێزەكانی لایەنگری رژێم بۆ سەر پارێزگاكانی ئەو ناوچەیە، رێككەوتنێكی سێ لایەنە لە نێوان رووسیا، ئەمریكا و ئوردن كرابوو كە تێیدا باشووری سووریا بە "ناوچەی ئارام" لە قەڵەم درابوو. ئامانج لە رێككەوتنەكە پاراستنی ئاسایشی سنوورەكانی ئوردن و ئیسرائیل لەگەڵ سووریا بوو.
تەنانەت لە كاتی هێرشەكانی ئەمساڵیشدا، رووسیا ئیسرائیلی دڵنیا كردبووەوە كە هیچ میلیشیایەكی شیعەی نزیك لە ئێران كە ئەمریكا و ئیسرائیل بە فاكتەری تێكدانی سەقامگیری ناوچەكەیان دەزانن، لە بەرزاییەكانی جۆلان نزیك نابنەوە. دواتر چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن ئاشكرایان كردبوو كە هێزەكانی سەر بە ئێران بە جلوبەرگی سوپای سووریاوە لە ئۆپەراسیۆنەكان بەشدار بوون، بۆ ئەوەی نەبن بە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل.
حكومەتی تەلەڤیڤ پێشتر رایگەیاندبوو كە قەبووڵی ناكات هێزەكانی نزیك لە ئێران و حیزبوڵڵا لە جۆلان نزیك ببنەوە، لە 18 مانگی رابردوودا، ئیسرائیل 200 جار ناو خاكی سووریای بۆردومان كردووە، ئامانجی ئەو هێرشانە رێگەگرتن لە گواستنەوەی چەكی حیزبوڵڵا بۆ ناوچەكانی دیكەی سووریا و رێگریكردن لە ئێران بووە بۆ ئەوەی نەتوانێ بنكەی هەمیشەیی سەربازی و مووشەكی لە سووریا دابنێ.
جۆڵ رەیبێرن، نێردەی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا لە كۆنفرانسێكی ئەمنیدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین رایگەیاند كە هەوڵەكانی حیزبوڵڵا بۆ راكێشانی چەكدار لە باشووری سووریا ئەگەری شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكە بەرزدەكاتەوە.
حكومەتی بەشار ئەسەد لە سێ ساڵی رابردوودا كار بە پاكێجی ناسراو بە "ئاشتەوایی نیشتمانی" دەكات، پاكێجەكە بە تایبەتی لەو ناوچانە كاری پێدەكرێ كە لە دەست هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن دەرهێنراون. لەو پاكێجەدا دوو رێگە لەبەردەم چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن دادەنرێ، یەكەمیان دانانی چەكی قورس و جێهێشتنی ناوچەكە و دووەمیشیان دانانی هەموو جۆرە چەكێك و مانەوە لە ناوچەكەیە. بەشی زۆری ئەو چەكدارانەی لە ناوچەكە دەمێننەوە، دواتر لەلایەن هێزەكانی نزیك لە رژێمەوە چەكدار دەكرێنەوە و لە شەڕەكاندا سوودیان لێوەردەگیرێ. بەرپرسێكی پێنتاگۆن بە (وۆڵ ستریت جورناڵ)ی راگەیاندووە كە ئەوان ئاگاداری ئەو هەوڵەی رژێمی سووریا و هاوپەیمانەكانین.
دوورخستنەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی ئێران خاڵێكی سەرەكیی سیاسەتی ئەمریكایە لە سووریا. ئەمریكا 2000 سەرباز و راوێژكاری لە باكوور و باشووری رۆژهەڵاتی سووریا جێگیر كردووە، كشانەوەی هێزەكانی سەر بە ئێرانیش یەكێك لەو مەرجانەیە كە بۆ بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی سووریا دایناوە، بەڵام شارەزایان و فەرماندەكانی پێشووی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێیانوایە كشانەوەی هێزەكانی ئێران مومكین نییە. فەرماندەیەكی پێشووی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەوبارەوە دەڵێ: "رووسیا ناتوانێ بە تەنیا پشت بە سوپای سووریا ببەستێ، بۆ ئەوەی ئامانجە سەربازییەكانی لەو وڵاتەدا جێبەجێ بكات".
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا رژێمی سووریا دەیان فەرماندە و ئەندامی گروپەكانی ئۆپۆزیسیۆنی دەستگیر كردووە، دەست بەسەر ماڵ و حاڵی بەشێكیاندا گیراوە و دۆخێكی ئەمنیی سەخت بەسەر ناوچەكەدا زاڵكراوە، حیزبوڵڵاش ئەو دۆخە سەختەی بەكارهێناوە. بە گوێرەی راپۆرتەكە، حیزبوڵڵا بەڵێنی بە چەكدارانی پێشووی ئۆپۆزیسیۆن داوە كە ئەگەر بێنە ناو ریزەكانی ئەوانەوە، ئەوە حكومەت ناتوانێ دەستگیریان بكات، مانگانە 250 دۆلاریشیان وەك مووچە دەدەنێ و بەو جۆرەش قەرەبووی ئەو هاوكارییەیان بۆ دەكەنەوە كە سەردەمانێك ئەمریكا دەیدانێ.
مانگی حوزەیرانی رابردوو و پێش دەستپێكردنی هێرشی رژێم بۆ باشووری سووریا، حكومەتی واشنتن لە رێگەی پەیامێكی واتسئاپەوە بە چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ناوچەیەی راگەیاندبوو "ئێمە لەو دۆخە سەختە تێدەگەین كە ئێوەی تێدان، بەڵام نابێ بڕیارەكانی خۆتان لەسەر بنەمای ئەو گریمانەیە بدەن كە رەنگە ئێمە دەست بە جووڵەیەكی سەربازی لە ناوچەكە بكەین".
فەرماندەیەكی پێشووی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت كە ئۆپۆزیسیۆن هەستی دەكرد خیانەتی لێكراوە، چونكە دیوی شاراوەی پەیامەكە ئەوە بوو كە "پەنا بۆ رووسیا، رژێم یان ئێران بەرن، ئەمە پەیامی ئەوان بوو بۆ ئێمە".
هەنگاوەكانی چەند مانگی رابردووی حیزبوڵڵا لە باشووری سووریا بەربەستی گەورە بۆ هەوڵەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ جڵەوكردنی نفووزی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستدەكات. ئیمیل هۆكایم، لێكۆڵەر لە پەیمانگای نێودەوڵەتیی لێكۆڵینەوە ستراتیژییەكان (IISS)لە بەریتانیا، پێیوایە "ئێران و حیزبوڵڵا لەوە تێگەیشتوون كە ئەوان لەسەر ئەرزی واقیع دەتوانن شەڕەكە بەرنەوە، بۆ ئەمەش دەچنە ناو كۆمەڵگاكانەوە و وجوودی خۆیان دەسەپێنن و دەبنە بەشێك لە ئابووری و بنیاتنانەوەی ژێرخانی ناوچەكە".
حاڵی حازر ئێران لە ئەفغانستانەوە تاوەكو كەنارئاوەكانی دەریای نێوەڕاست هێز و میلیشیای چەكداری هەیە. هۆكایم لەبارەی هێز و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە سووریا دەڵێ: "ئەمە تەنیا سەرئێشەیەك نییە و بەس، بەڵكو سووریا لەپاڵ لوبنان دەبێ بە چەقی شەڕی داهاتوو" كە دەشێ لەسەر سنوورەكانی نێوان لوبنان و سووریا لەگەڵ ئیسرائیل رووبدەن.
رووداو
