حەسەن نەسروڵڵا هەڕەشە لە حەریری دەکات

   حەسەن نەسروڵڵا هەڕەشە لە حەریری دەکات
سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان رایدەگەیەنێت، کە میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی هەوڵی هەرەسهێنان بە وڵاتەکەی، دەدات.



سەعد حەریری، سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، حزبوڵڵا بڕیاری داوە تەگەرە بخاتە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.



سەعد حەریری هەروەها رایگەیاندووە، پێکهاتەی حکوومەتی نوێ ئامادەیە بۆ خستنە بەردەم پەرلەمان، بەڵام حزبوڵڵا رێگا لە پێکهێنانی دەگرێت و هۆشدارییشی دا لەوە، بە تەگەرەخستنە بەردەم هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەت، حزبوڵلا هەرەس بە لوبنان دەهێنێت.



پێشتر حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا هەڕەشەی ئەوەی لە سەعد حەریری کردبوو، کە ئەگەر لایەنەکانی ژێر سایەی هاوپەیمانیی حزبوڵڵا بەشدارییان پێ نەکرێ، ئەوا دەبێ حەریری لە سەرەتاوە دەست بە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتەکەی بکاتەوە.



حزبوڵڵا میلیشیایەکی شیعەمەزهەبی لوبنانییە. حەسەن نەسروڵڵا چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاڵپشتیی سەربازیی و داراییان دەکات.



رۆژی شەممە 6/5/2018، دوای نۆ ساڵ لە ئەنجام نەدانی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان بەڕێوەچوو.



رۆژی 24/5/2018، سەرۆک کۆماری لوبنان سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی وڵاتەکەی، راسپارد، بەڵام وەک میدیا لوبنانییەکان باسی دەکەن، حزبوڵڵا بەردەوام تەگەرە دەخاتە بەردەم پێکهێنانی حکوومەت.



لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛



- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی

- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب

- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب



بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.



باسنیوز
Top