ئێران 22 چالاکی عەرەبی ئەهوازی لەسێدارە دا

 ئێران 22 چالاکی عەرەبی ئەهوازی لەسێدارە دا
چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئەهواز، ئاشکرایان کردووە دەزگای دادوەریی ئێران 22 چالاکوانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی عەرەبی ئەهوازی لە گرتووخانەکانی ئەو شارە لەسێدارە داوە.



لەمبارەوە "بزووتنەوەی میللی دیموکراتیکی عەرەبی ئەحواز" دوێنێ یەکەشەممە 2018/11/11 بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک ئاشکرای کردووە ئیتلاعاتی ئەهواز بنەماڵەی 22 چالاکوانی بەندکراوی ئاگادار کردووەتەوە کە منداڵەکانیان لەسێدارە دراون.



دامودەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە ئەهواز بنەماڵە و کەسوکاری ئەو لەسێدارەدراوانەیان ئاگادار کردووەتەوە نابێ ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشییان بۆ دابنێن.



هێزە ئەمنییەکانی ئێران پاش ڕووداوی هێرشەکەی ئەهواز کە کۆتایی هاوینی ڕابردوو ڕووی داو، سەدان چالاکوانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی عەرەبی ئەهوازیان دەستگیر کردووە چالاکوانی مافی مرۆڤ دەڵێن 600 کەس دەستگیر کراون و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڕای گەیاندووە 178 کەس گیراون.



لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی ئەو 22 کەسە لە کاتێک دایە کە تا ئێستا تەنیا ناوی چوار کەسیان بەناوەکانی " محەمەد، موئمنی تیماس، نسار موئمنی تیماس، ئەحمەد حەیدەری و حاتەم سەواری" ئاشکرا بووە و سەرچاوەکانی مافی مرۆڤیش تەنیا لەسێدارەدانی ئەو چوارە کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە و لەبارەی چارەنووسی ئەو 18 کەسەکەی دیکەوە هیچ زانیارییەک لەبەردەست نییە، بەڵام "بزووتنەوەی میللی دیموکراتیكی عەرەبی ئەحواز" ئاشکرای کردووە دەزگا ئەمنییەکان بنەماڵەکانیان لە مەرگیان ئاگادار کردووەتەوە.



ڕێکەوتی 2018/9/22 پاش هێرش و دەستڕێژی چوار چەکدار بۆ سەر ڕێوڕەسم و نمایشی سەربازی لە ئەهواز، 25 کەس کوژران و 61 کەسی دیکەش بریندار بوون.






باسنيوز
Top