پیلانی کودەتایەکی سەربازی لە ئەڵمانیا ئاشکرا بوو

 پیلانی کودەتایەکی سەربازی لە ئەڵمانیا ئاشکرا بوو
دەزگای لێکۆڵینەوەی تاوانە فیدڕالییەکانی ئەڵمانیا پیلانی کودەتایەکی سەربازی لە وڵاتەکەی ئاشکرا کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 11/11/2018، میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویان کردووەتەوە، کە پیلانی کودەتاکە لەلایەن ژمارەیەک فەرماندەی سوپای ئەڵمانیاوە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و بە نیاز بوون ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی وڵاتەکەیان تیرۆر بکەن.

پیلانەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە لە تاوانە فیدڕالییەکانی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، کە جگە لە ژمارەیەک فەرماندە و ئەفسەری سوپای ئەڵمانی، چەند فەرماندە و ئەفسەرێکی هێزە تایبەتەکانیش بەشدارییان لە داڕشتنی پیلانەکە کردووە.

هەروەک میدیا ئەڵمانییەکان باسی دەکەن، ئەو فەرماندە سەربازییانە بە نیازبوون رۆژێک دیاری بکەن بۆ گرتنی ژمارەیەک سەرکردەی سیاسیی وڵاتەکەیان بەتایبەت دیمتار بارتچ، سەرۆکی چەپەکانی ئەڵمانیا لە یەک کاتدا و دواتر کوشتنیان.

ئەو گرووپە پێیان وابووە، ئەڵمانیا لە داڕمان نزیک بووەتەوە و پێویستە تیمێک هەبن بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکە دوای نەمانی سیاسەتمەدارانی ئێستا و بۆ ئەو مەبەستەش، چەک و سووتەمەنیی پێویستیان لە چەندین شوێن حەشار دابوو.










باسنيوز
Top