ئەمەریکا لەبارەی ئێران داوایەکی لە رووسیا هەیە

ئەمەریکا لەبارەی ئێران داوایەکی لە رووسیا هەیە
ئەمەریکا هیوخوازە رووسیا رێگا بە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بدات تاکو بتوانن پێگەکانی ئێران لە سووریا بۆردومان بکەن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بێزنس ئینسایدەر، جەیمس جێفرێی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە سووریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: "رووسیا نەرمی نواندووە لەبارەی راوێژی بۆردومانکردنی بنکەکانی ئێران لە سووریا. ئێمە هیوادارین ئەو نەرمی نواندنە بەردەوام بێت".

دەشڵێت: "ئێمە پشتگیری ئیسرائیل دەکەین بۆ رێگەگرتن لە چەسپاندنی سیستمی مووشەکی دوورهاوێژی ئێرانی لە سووریا".

بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە سووریا، ئەو باڵیۆزەی ئەمەریکا گووتی: "رووسیا پێشتر لێرە بوونی هەبوو بۆیە ناکشێتەوە، بەڵام چوار هێزی سەربازیی دیکە لە سووریا هەیە، ئیسرائیل، تورکیا، ئێران و ئەمەریکا کە گشتیان ئۆپەراسیۆن لەناو سووریا ئەنجامدەدەن، ئەمەش بارودۆخێکی مەترسیدار دروست دەکات".

لەبارەی یارمەتی ئەمەریکا بۆ هەسەدە و نیگەرانییەکانی تورکیا جەیمس جێفرێی گووتی، نیگەرانییە زۆرەکانی تورکیا ناردنی چەکی بۆ هەسەدە سنووردارکردووە ئەمەش ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعشی خاو کردۆتەوە.

تاران پێشتر رایگەیاندووە کە تاکو بەشار ئەسەد بیەوێت، ئەوان لە سووریا دەمێننەوە، تورکیاش لە چەند شارێک بوونی هەیە و هەڕەشەی داگیرکردنی شوێنی دیکەش دەکات.




K24
Top