ترەمپ: گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران بە ئارامی جێبەجێ دەکرێن

 ترەمپ: گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران بە ئارامی جێبەجێ دەکرێن
هاوکات لەگەڵ دەسپێکی گەڕی دووەمی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کە ئەمجارەیان زیاتر لەسەر کەرتی نەوت جەخت کراوە، دۆناڵد ترەمپ ڕای گەیاند دەمتوانی هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنمە سفر، بەڵام ئەمکارە بەلسەرەخۆیی دەکرێت.



سەرکۆماری ئەمریکا لەمبارەوە ڕای گەیاند لەبەر پاراستنی بازاری نەوت و پێشگیری لە شۆکی بازری نەوت و نرخەکان، بڕیارمان داو گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران بە لەسەرەخۆیی و قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ بکرێت و لەمبارەوە پەلە ناکەین.



دۆناڵد ترەمپ لەبارەی نیگەرانییەکان لە زیادبوونی لەناکاوی نرخی نەوت گوتی: "ئێمە قورسترین سیستەمی گەمارۆ و سزامان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام لەبارەی گەمارۆ نەوتییەکانەوە بەتەماین بە هێواشی بچینە پێش و نامانەوێ لەناکاو بازاری نرخی نەوت لە دنیا بگۆڕێ و لەمبارەوە چەند وڵاتێک بەخشراون لەوانە چین، هیند، تایوان، یۆنان و تورکیا چونکە چەند وڵاتێکیان قەبارەی هاوردەی نەوتی ئێرانیان کەم کردووەتەوە و بەپێی مەرجەکانی ئەمریکا دەجووڵینەوە.



دوێنێ دووشەممە 2018/11/5 گەڕی دووەمی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کە کەرتەکانی نەوت، وزە، کەشتیوانی، بازرگانی دەگرێتەوە دەستیان پێکرد و بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا زیاتر لە 700 کەسایەتی و دامەزراوەی سەر بە ئێران گەمارۆیان خراوەتە سەر.



لە بەرانبەردا حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران ڕای گەیاندووە ئامانجی ئەمریکا لە گەمارۆکان سزاران و نائومیدکردنی خەڵکە، بەڵام لەم شەڕە ئابوورییەدا ئێمە سەردەکەوین و ئەمریکا بە ئامانجەکانی خۆی ناگات و ئێران درێژە بە بەهێزیی خۆی دەدات و هاوکات سوپای پاسدارانیش لە ڕۆژی دەسپێکی گەمارۆکدان ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام دا و بەڕای چاودێرانی سیاسی ئەمە بەو واتایەیە کە ئێران نایهەوێ ملکەجی داخوازەکانی ئەمریکا ببێت و ڕەفتارەکانی ناگۆڕێت.





باسنيوز
Top