میدیاکان: هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە

 میدیاکان: هەناردەکردنی نەوتی ئێران ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەى قۆناغی دووەمى سزا ئابوورییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئاستى هەناردەکردنى نەوتى خاوى ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی لە پاشەکشێی بەردەوام بووەتەوە.

وەزیرى نەوتى حکوومەتى تاران دان بە پاشەکشێیەکانى ئاستى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى وڵاتەکەى دەنێت و ڕاشی گەیاندووە سەرۆکى ئەمریکا "لە توانایدا نییە نرخەکانى نەوت لە بازاڕەکاندا دابەزێنێت".

ئاژانسى هەواڵى کرێکاری ئێران (ئیلنا) لەزارى بێژەن زەنگەنەەوە بڵاوی کردووەتەوە "بازاڕى نەوت ڕووبەڕووى کەمیی خستنەروو بووەتەوەو ئەمەش بە قسەکردن چارەسەر نابێت و گوتیشى "دۆناڵد ترەمپ، پێی وایە لە ڕێگەى گوشارى وڵاتان نرخەکانى نەوت دادەبەزێنێت".

ئامارە فەرمییەکانى تایبەت بە جووڵەى سەرچاوەکانى کەرتی نەوت دەریان خستووە "تورکیا و ئیتالیا دوایین کڕیارانى نەوتى ئێرانن لە دەرەوەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و چین و هیندستانیش لە دونیادا بە پلە لە دواى یەکەوە دێن"، ئەمەش پەیامێکى ڕوونە بۆ ئاڵۆزبوونى کەرتى وزەى تاران، کە چەند هەفتەیەکى ماوە قۆناغی دووەمی سزاکان دەست پێ بکەن".

ئامارەکانى کۆمپانیاى ڕیفینیتیڤ ئیکۆن دەری دەخەن "ئێران لە سەرەتاى تشرینى یەکەم (سەرەتاى خەزەڵوەر)ەوە ١.٣٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا هەناردەى هیندستان، چین و تورکیا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کردووە و هیچ قەبارەیەکیش لەو ژمارەیە بەرەو ئەورووپا نەنێردراوە"، بەڵام سەرچاوەیەکى کەرتى نەوت خەمڵاندوویەتى "١.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕەوانەى کڕیاران کراوە، کە بەشێکیان لەسەر مانگی دەستکردى ئەى ئای ئێس دەرنەکەوتووە، کە بە کەشتییەکى یەک ملیۆن بەرمیلی ڕەوانەى ئیتالیا کراون". ئەو ئاستەش بە بەراورد لەگەڵ قەبارەکانى مانگی نیسانى ڕابردوو کە پێش کشانەوەى سەرۆکى ئەمریکایە لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەى ئێران، قەبارەکەى لە سنوورى ٢.٥ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.

هاوکات لە مانگی ئەیلوولى ڕابردوو "ئاستى هەناردەکردنى نەوتی تاران لە سنوورى ١.٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا جێگیر بووە". لەگەڵ دابەزینى ئاستى بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى خاوی ئێران، نرخەکانى نەوت زیاتر بەرز بووەتەوە کە بە بەراورد لەگەڵ کۆتاییەکانى ٢٠١٤، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە ٣ تشرینى یەکەمدا بەرزترین ئاستى ٢٠١٨ تۆمار کرد کە لە سنوورى ٨٦.٧٤ دۆلار بوو بۆ هەر بەرمیلێک، بەڵام دواتر نرخەکان بۆ سنوورى ٨١ دۆلار دابەزین.

چاودێران پێیان وایە "دابەزینی بەردەوامى هەناردەکردنى نەوتى کۆماری ئیسلامى پاڵپشتییەکى کاریگەرە بۆ نرخەکانى نەوت"، ئیوجین فێنبرێج توێژەرى کۆمرتیس بانکیش پێى وایە کە ئەمە "یەکێک لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ سەرووى هەشتا دۆلار".

ژمارەکانى تشرینى یەکەم نیشانى دەدەن "کڕیاران مەترسییان لە سزاکانى ئەمریکا هەیە بۆ سەر ئێران و ناچار بوون گرێبەستى کڕینى نەوتى ئەو وڵاتە لە نێوان ڕاگرتن و کەمکردنەوە سنووردار بکەن، دووپاتیشی دەکەنەوە "هەناردەکردنى نەوت بە شێوەیەکى بەرچاو پاشەکشێ دەکات".

بەپێی ئاماری ڕیفینیتیڤ لە هەفتەى یەکەمى نۆڤەمبەر هەناردەکردنى نەوتى ئێران لە ڕۆژێکدا لە سنوورى ١.١ ملیۆن بەرمیل دەبێ، لە هەندێک ڕۆژیشدا لە خوار یەک ملیۆن بەرمیل. واشنتۆن سوورە لەوەى لە چوارچێوەى سزاکانى سەر تاران، قەبارەى هەناردەکردنى نەوتى ئەو وڵاتە بگەیەنێتە سفر، هەرچەندیش ئەستەمە، بەڵام زۆربەى وڵاتانى جیهان کڕینیان لەو وڵاتە زۆر دابەزاندووە.

نیودلهی، کە یەکێکە لە کڕیارە سەرەکییەکانى نەوتى ئێران، هەندێک نەوتى بۆ مانگی تشرینى دووەم (سەرەتاى سەرماوەز) کڕیوە، بەبێ ئەوەى بڕەکەى ئاشکرا بکات. تاران بەرامبەر سزاکانى واشنتۆن هەڕەشەى ئەوەى لە زۆربەى وڵاتانى ناوچەکە و ڕێکخراوى ئۆپێک کردووە لەوەى " ڕێگرى لە پڕکردنەوەى پشکى بازاڕ دەکات". ئاشکراشی دەکات "کڕیارى نوێی بۆ نەوتەکەى دۆزیوەتەوە و ئەو دابەزینەش بەدی هاتوون، پرۆسەیەکى کاتییە".

تاران بە ئۆپێکى گووتوە "لە ئەیلوولدا بە ئاستى ٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەمهێنانى دابەزیوە"، بەڵام کۆمپانیا ڕاوێژکارییەکان دەری دەخەن کە دابەزینەکە زۆر لەوە بەرزترە باسی لێوە دەکرێت".










باسنيوز
Top