لە بەلووچستان 14 چەکداری سوپای پاسداران ڕفێندران

 لە بەلووچستان 14 چەکداری سوپای پاسداران ڕفێندران
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسداران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14 چەکداری "بەسیج"ی سەر بە سوپای پاسداران لە خاڵی سنووریی "میرجاوە"ی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە ڕفێندراون.



ماڵپەڕی (فارسنیوز)ی سەر بە سوپای پاسداران لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە: "کاتژمێر 4:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2018/10/16 حەوت چەکداری بەسیجی ئاسایس، پێنج چەکداری سنوورپارێز و دوو کادیری ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە خاڵی سنووریی "لوولکدان"ی سەر بە شاری "میرجاوە" لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لەلایەن هێزیکی چەکدارەوە ڕفێدراون و چارەنووسیان نادیارە".



لەمبارەوە "ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ"ی سەر بە نەتەوەی بەلووچ کە ڕێکخراوێکی ئایینی و میللیە و داکۆکی لە مافی بەلووچ دەکات لە کەناڵی فەرمیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تەلەگرام) بەرپرسیارێتیی ئەو کارەیان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام وردەکاریی زیاتریان بڵاو نەکردووەتەوە.



باسنیوز
Top