هەڕەشە لە ئێران و میلیشیا عێراقییەکان دەکات

  هەڕەشە لە ئێران و میلیشیا عێراقییەکان دەکات
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەک لەبارەی ژیان و ئاسایشی کارمەند و دیپلۆماتکارەکانی لە عێراق دەردەکات.



رۆژی شەممە 29/9/2018، میدیا ئەمریکییەکان بەیاننامەیەکی مایک پۆمپیۆن، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاو کردووەتەوە، کە تێیدا رایگەیاندووە، چەند هەفتەیەکە هەڕەشەکانی سەر کارمەند و دیپلۆماتکارەکانی ئەمریکا زیاد بووە.



مایک پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، سەرچاوەی ئەو هەڕەشانە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سوپای قودسی ئەو وڵاتەوەیە و میلیشیا عێراقییەکانیش هاوکاریی سوپای قودس دەکەن لە جێبەجێکردنی هەڕەشەکان.



وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی ەبوەش کردووە، کە لەم ماوانەی دواییدا، رووداوی تەقەکردن و ئاراستەکردنی مووشەک بۆ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئەمریکا زۆر زیاتر بووە لە جاران.



مایک پۆمپیۆ هەڕەشەی لە ئێران و میلیشیا عێراقییەکان کردووە و رایگەیاندووە، ئەمریکا ”وەڵامی گونجاو“ی بۆ هەر هێرشێک بۆ سەر بەرەژەوەندییەکانی، دەبێت.



ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 27/9/2018، بە سێ مووشەک کونسوڵخانەی ئەمریکا، کە کەوتووەتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەسرە، کرایە ئامانج.



دوای ئەو رووداوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری کشاندنەوەی فەرمانبەر و دیپلۆماتکارەکان و داخستنی کونسوڵخانەکەی دا و داواشی لە هاووڵاتییانی کرد گەشت بۆ عێراق نەکەن و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ”بەداخەوەین“ بۆ داخستنی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بەسرە.



بەهۆی ناکارایی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەیان میلیشیا و گرووپی چەکداریی توندڕەو و تیرۆریستی لە شەقام و شارەکانی عێراق دروست بوون و بەردەوام کردەی تاوانکاری و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.




باسنیوز
Top