دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیسرائیل: بە بەهێزی بمێننەوە تا دەبمە سەرۆك
دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان دەنگیدا لەدژی نیشتەجێكردنی ئیسرائیلییەكان لەرۆژئاوای ئۆرشەلیم (قودس)، دۆناڵد ترەمپ نیگەرانیو توڕەیی خۆی لەو بڕیارە دەربڕیو بەپشتكردنە ئیسرائیل ناوزەندی كرد.
ئەمڕۆ جارێكی دیكە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتویتەر باسی لەو بابەتە كردەوەو ئاماژەی بەوەكردوە كە ناتوانن بەردەوام بن بەڕێگەدان بەوەی ئیسرائیل بەبێ ڕێزی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، "ئەوان هاوڕێی مەزنیان لەئەمەریكا هەبووە، بەڵام چی تر نیانە."
هەروەها لەتویتێكی دیكەدا ترەمپ باسی لەوە كردوە كە سەرەتای كۆتایی ئەو هاوڕییەتییە ترسناك بوو، وەك ئاماژەدانێك بەرێكەوتن لەگەڵ ئێران، "ئێستاش نەتەوەیەكگرتووەكان! بە بەهێزی بمێنەرەوە ئیسرائیل، 20ی كانونی دووەم بەخێرایی دێت!"
پێشتر ترەمپ هێرشی كردەسەر رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانو بە "یانەیەك بۆ كۆبوونەوەی كۆمەڵێك كەس بۆ كات بەسەربردن" وەسفی كرد.
رۆژی هەینی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد كە داوا لەئیسرائیل دەكات دروستكردنی كۆمەڵگای جولەكەنشینەكان لەسەر خاكی فەڵەستین رابگرێت و ئەمەریكاش مافی ڤیتۆی لە دژی بڕیارەكە بەكارنەهێنا و تەنها بێدەنگی هەڵبژارد، ئەو كارەش نیگەرانی بەرپرسانی ئیسرائیلی لێكەوتەوە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
xandan -
