رووسیا و تورکیا لەبارەی شەڕی ناوخۆیی سووریا رێک دەکەون

 رووسیا و تورکیا لەبارەی شەڕی ناوخۆیی سووریا رێک دەکەون
هەردوو وڵاتی رووسیا و تورکیا لەبارەی ئاگربەست بۆ شەڕیناوخۆیی سووریا رێک دەکەون.

ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی تورکیا لە زاری سەرچاوە ”باوەڕپێکراوەکان“ی بڵاوی کردووەتەوە، کە رێککەوتنەکە لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2016ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

بەپێی رێککەوتنەکەی تورکیا و رووسیا، ئاگربەست لەنێوان هێزە شەڕکەرەکانی سووریا درێژ دەکرێتەوە و بەرفراوان دەکرێت، بەشێوەیەک، هەموو خاکی سووریا بگرێتەوە.

پێشتر ئەو دوو وڵاتە رێککەوتن لەسەر ئاگربەست لە شاری حەلەب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە بەپێی رێککەوتنەکە، رژێمی سووریا رێگای بە چەکدارانی گەمارۆدراوی ئۆپۆزیسیۆن و خێزانەکانیان لە شارەکە دا، تا بچنە دەرەوە.

هەروەک ئەنقەرە و مۆسکۆ رێککەوتوون لە سەری، لە ئەگەری وەستانی شەڕ و ئاگربەست لە سووریا، هەردوو وڵات سەرپەرشتیی دانوستاندنی رژێمی سووریا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە شاری ئەستانەی پایتەختی کازاخستان دەکەن.

رووسیا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، پشتگیریی رژێمی سووریا و مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێم لە دەسەڵاتەکەیدا، دەکات، هاوکات تورکیا پشتگیریی بەشێک لە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکات.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.






باسنيوز
Top