ئۆپۆزسیۆنی سووریا: ئەو گفتوگۆیانەی رووسیا باسی دەکات پەیوەندیی به ئێمەوه نییه

ئۆپۆزسیۆنی سووریا: ئەو گفتوگۆیانەی رووسیا باسی دەکات پەیوەندیی به ئێمەوه نییه



لێژنەی باڵای گفتوگۆکاری سووریا که نوێنەرایەتیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەکات، ئەمڕۆ یەکلاکەرەوانه رایگەیاند، "ئەو گفتوگۆیانەی رووسیا گوتوویەتی لەنێوان رژێمی ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن دەکرێت، هیچ پەیوەندییەکی به ئێمەوه نییه."



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "ئینتەرفاکس"ی رووسیا، "سێرگێئی لاڤرۆڤ" وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتوویەتی، رژێمی سووریا ئێستا خەریکی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنه بۆ کۆمەڵه گفتوگۆیەکی بەرفراوانتر که بڕیاره له شاری "ئاستانه"ی پایتەختی قەزاقستان ئەنجام بدرێت. بەڵام لاڤرۆڤ ئاماژەی به ئەوه نەکرد که ئەم گفتوگۆیانەی ئێستا خەریکه له کوێ دەکرێن.



پێشتریش ئاژانسی هەواڵی رووسیا لەسەر زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیک رایگەیاندبوو، نوێنەرانی سوپای رووسیا و تورکیا خەریکی ئەنجام دانی راوێژ لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا له "ئانکارا"ن بۆ ئەوەی ئاگربەستێکی سەرتاسەری له سووریا رابگەیەنن.



هەر لەمبارەیەوه "جۆرج سەبرا" گەوره ئەندامی لێژنەی باڵای گفتوگۆکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا به رۆیتەرزی راگەیاند: "هیچ زانیارییەکمان لەسەر پەیوەندیی نێوان ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا نییه و به دڵنیاییەوه ئێمه هیچ پەیوەندییەکامان بەو بابەتەوه نییه."

payamner-
Top