ناوی دراوی ئێرانی گۆڕدرا
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (ئیرنا) پرسی گۆڕینی ناوی دراوی ئێرانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2016 -12- 8 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی، کە بۆ تاوتوێی کاری گرووپی "پرۆژە یاسای نوێی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران) تەرخان کرابوو، بۆیە چەند مادەیەکی لەو پڕۆژە یاسایە پەسەند کران کە یەکیان لابردنی ناوی (ریاڵ) وەک یەکەی دراوی ئێران و بە فەرمی دانانی (تمەن) کە هەر 10 ڕیاڵ بەرانبەرە بە یەک تمەن، دەستنیشان کرا.
لەم پەیوەندییەدا موحسێن بیگلەری ئەندام پەرلەمانی کورد لە شارەکانی سەقز و بانە و جێگری کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی پەرلەمانی ئێران بە میدیاکانی گوتووە "بە ئاماژە بە پەسەندکراوی ئەنجومەنی وەزیران، گۆڕینی یەکەی پارەی ئێران لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن، لە حاڵێکدا هەڵاوسان و قەیرانێکی زۆر سەراپای ئابووریی وڵاتی داگرتووە، کارێکی هەڵە و ناپسپۆڕانەی ئابوورییە و ئیستا بە قازانج نییە."
پرسی گۆڕینی ناوی دراوی ئێرانی لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن و لابردنی سفەی حیسابەکان، لە کابینەکانی پێشووی ئێرانیشدا هەبووە و بەڕای کارناسان ئەم کارەی ئێران لە بەرانبەر دابەزینی پارەی ئێرانییە لە بەرانبەر دۆلار و دراوەکانی دیکەیە.
ئێستا بەپێی ئەو گۆڕانکارییەی لە ناوی دراوی ئیرانیدا کراوە یەک تمەنی ئێرانی بەرانبەرە بە 1000 دیناری عێراقی.
ڕیاڵ کەلە سەردەمی حکوومەتی حەمەڕەزا شای پالەوەییەوە بە فەرمی بووەتە یەکەی پارەی ئێرانی و جیا لە ئیران وڵاتانی "سعوودیە، عومان، قەتەر، یەمەن، توونس و کەمبۆدیا"ش هەموویان دراوەکەیان ڕیاڵە.
باسنيوز
