رووسیا هیوادارە قەیرانی سووریا تا ئاخری ئەمساڵ کۆتایی پێبێت
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، میخائیل بوگدانۆف، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند: بەرپرسانی وڵاتەکەی هیوادارن ئەم بارودۆخە قەیراناویەیی سووریا تا کۆتایی ئەمساڵ واتە مانگێکی دیکە کۆتایی پێبێت.
بۆگدانۆف، گوتی: چۆن گروپی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) دەبێ لە رەققە و مووسڵ دەربکرێت، دەبێ تیرۆریستانیش لەحەلەب دەر بکرێن. مەبەستی ئەم بەرپرسەی رووسیا هێزە چەکدارەکانی دژبەری بەشار ئەسەدە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی ئیتارتاس رایگەیاند: رووسیا لەبارەی سووریاوە دەگەڵ تیمی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە پێوەندی دایە.
لەهەمان کاتدا رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریاش کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، راگەیاند:هێرشی سەربازانی سووریا لە رۆژهەڵاتی حەلەب ٢١ کوژراوی سڤیلی لێکەوتووەتەوە.
PAYAMNER-
