عەرەبەکانی سووریای دیموکراتی پشت لە یەپەگە دەکەن
بە گوتەی سەرچاوەکان لەناو لیوای تەحریر، کە میلیشیایەکی عەرەبیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە، عەرەبەکان لە ناو هێزەکانی سووریای دیموکراتی پشگوێ خرابوون، بۆیە رۆژی هەینی 2ـی ئەیلوول، بڕیاری جیابوونەوەیان داوە.
دوای جیابوونەوەیان لە هێزەکانی سووریای دیموکراتی، کە یەپەگە باڵی سەرەکییەتی، لیوای تەحریر چووە پاڵ سوپای ئازادی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات.
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئاب، سوپای تورکیا رایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بە ناوی قەڵغانی فورات بۆ “پاککردنەوەی باکووری سووریا لە هێزە کوردییەکان و رێکخراوی توندڕەوی داعش" دەست پێکرد.
ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی سێشەممە 23ـی ئاب بە بۆردومان کردنی بنکە و بارەگاکانی داعش لە شاری جەڕابلوس لە باکووری سووریا، لەلایەن سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەستی پێکرد.
لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سەدان سەربازی سوپای تورکیا بە یاوەریی 20 تانکی سەربازی، چوونەتە ناو خاکی سووریا و گەیشتوونەتە سنووری جەڕابلوس و پێکدادانی چەکداریی لە نیوان هێزەکانی سووریای دیموکراتی و سوپای ئازاد رووی دا.
هێزەکانی سووریای دیموکراتی بە پشتگیریی ئەمریکا و بۆ رزگار کردنەوەی شارەکانی رەققە، منبج و جەڕابلوس پێکهێنراوە، کە داعش داگیری کردوون.
باسنيوز
